لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 22:15-41

کردار 22:15-41 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئینجا په‌یامبه‌ران و پیران و هه‌موو وارگه‌ به‌باشیان زانی دوو پیاو له‌نێو خۆیان هه‌ڵبژێرن و له‌گه‌ڵ پۆڵۆس و به‌رنڤا بۆ ئینتیاكیا بیاننێرن: ئیهوودا كه‌ نازناوی به‌ڕشه‌ببایه‌ له‌گه‌ڵ شیلا، دوو پیاوی پێشكه‌وتوو بوون له‌نێو برایان. به‌ ده‌ستی خۆیان ئاوایان نووسی: “له‌ په‌یامبه‌ران و پیران و برایانه‌وه‌، بۆ ئه‌و برایانه‌ی له‌ نه‌ته‌وه‌كانن له‌ ئینتیاكیا و سوریا و قیلیقیا: ئاشتی بۆ ئێوه‌. بیستمان هه‌ندێ كه‌س له‌لای ئێمه‌وه‌ ده‌رچوون و بێ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ فه‌رمانیان پی بده‌ین، به‌ قسه‌كانیان بێزار و دڵگرانیان كردوون كه‌ وتوویانه‌ ده‌بێ خروسه‌بڕان‌ بكه‌ن و به‌گوێره‌ی ته‌ورات بكه‌ن. بۆیه‌ به‌ باشمان زانی به‌ یه‌ک بیروڕاوه‌ چه‌ند پیاوێک هه‌ڵبژێرین و له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستانمان به‌رنڤا و پۆڵۆس بۆ لاتان بنێرین پیاوانێک كه‌ خۆیان به‌خت كردووه‌ له‌ پێناوی ناوی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح. جا ئیهوودا و شیلامان بۆ ناردن تاكو هه‌مان شتتان به‌ زار پێ ڕابگه‌یه‌نن. چونكه‌ ڕووحی پارسا و ئێمه‌ش وامان به‌ باش زانی هیچ قورساییه‌ک نه‌خه‌ینه‌ سه‌ر شانتان، جگه‌ له‌مانه‌ كه‌ پێویستن: خۆتان بگرن له‌و قوربانییانه‌ی بۆ بت پێشكه‌ش كراون، هه‌روه‌ها له‌ خوێن و خنكێندراو و‌ داوێنپیسی، ئه‌گه‌ر خۆتان له‌مانه‌ پاراست، شتی چاک ده‌كه‌ن. سه‌لامه‌ت بن”. ئه‌مانیش كه‌ به‌ڕێكران، بۆ ئینتیاكیا هاتن، جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان كۆكرده‌وه‌ و په‌یامه‌كه‌یان پێشكه‌ش كرد. كاتێ خوێندیانه‌وه‌ به‌و دڵنه‌واییانه‌ی تیایدا بوو دڵشاد بوون. ئيهوودا و شیلاش كه‌ خۆیان پێغه‌مبه‌ر بوون، به‌ زۆر وته‌ ئامۆژگاریی برایانیان كرد و وره‌یان به‌رزكردنه‌وه‌. پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كیان به‌سه‌ربرد، له‌لایه‌ن برایانه‌وه‌، به‌ ئاشتییه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ كرانه‌وه‌ بۆ لای په‌یامبه‌ران، به‌ڵام شیلا به‌لایه‌وه‌ باشتر بوو له‌وێ بمێنێته‌وه‌. پۆڵۆس و به‌رنڤاش هه‌ر له‌ ئینتیاكیا مانه‌وه‌، موژده‌ به‌ خه‌ڵكێكی زۆریان ده‌دا وشه‌ی په‌روه‌ردگاریان فێرده‌كردن. پاش چه‌ند ڕۆژێک پۆڵۆس به‌ به‌رنڤای وت: “با بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر له‌ برایان بده‌ین، له‌ هه‌موو شارێک كه‌ وشه‌ی په‌روه‌ردگارمان تیایدا ڕاگه‌یاندووه‌ و هه‌واڵیان بزانین”. به‌رنڤاش پێشنیاری كرد یوخه‌ننه‌ن كه‌ نازناوی مه‌رقوسه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان بیبه‌ن. به‌ڵام پۆڵۆس پێی باش بوو ئه‌وه‌ی له‌ په‌مپۆلیا لێیان جیابووه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیان بۆ كاره‌كه‌ نه‌ڕۆیشت، ئه‌و له‌گه‌ڵ خۆیان نه‌به‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌مه‌قاڵه‌ كه‌وته‌ نێوانیان و له‌یه‌كتری جیا بوونه‌وه‌. ئه‌وسا به‌رنڤا مه‌رقوسی له‌گه‌ڵ خۆی برد و به‌ ده‌ریادا بۆ قوبڕس چوو. به‌ڵام پۆڵۆس شیلای هه‌ڵبژارد و ده‌رچوو، له‌لایه‌ن برایانه‌وه‌ به‌ به‌خششی خودای سپارد. ئینجا چوونه‌ سوریا و قیلیقیا و وارگه‌كانیان به‌هێز ده‌كرد.

هاوبەشی بکە
کردار 15 بخوێنەوە

کردار 22:15-41 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئینجا نێردراوان و پیران و هەموو کڵێسا بە باشیان زانی دوو پیاو لەناو خۆیاندا هەڵبژێرن و لەگەڵ پۆڵس و بەرناباسدا بیاننێرن بۆ ئەنتاکیا. یەهوزای ناسراو بە بەرساباس و سیلایان هەڵبژارد، کە پێشەوای نێو باوەڕداران بوون. بە دەستی خۆیان ئاوایان نووسی: لە نێردراوان و پیرانەوە، برایانتان، بۆ ئەو باوەڕدارانەی جولەکە نین لە ناوچەکانی ئەنتاکیا و سوریا و کیلیکیا: سڵاو. بیستمان کە هەندێک کەس بێ ئەوەی ئێمە ڕایانبسپێرین لەلای ئێمەوە هاتوون و بە قسەکانیان بێزار و دڵگرانیان کردوون. بۆیە بە باشمان زانی بە یەک بیروڕاوە چەند پیاوێک هەڵبژێرین و لەگەڵ برایانی خۆشەویستمان بەرناباس و پۆڵس بیاننێرن بۆ لاتان، پیاوانێک گیان لەسەر دەستن لە پێناوی ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان. جا یەهوزا و سیلامان نارد بۆ لاتان تاکو هەمان شتتان بە دەم پێ ڕابگەیەنن، چونکە ڕۆحی پیرۆز و ئێمەش وامان بە باش زانی هیچ قورساییەک نەخەینە سەر شانتان، جگە لەمانە کە پێویستن: خۆتان دووربخەنەوە لەو قوربانییانەی بۆ بت پێشکەش کراون، هەروەها لە خواردنی ئاژەڵی خنکێنراو و خوێن و لە داوێنپیسی. ئەگەر خۆتان لەمانە پاراست، شتی چاک دەکەن. ماڵ ئاوا. ئەمانیش کە بەڕێکران و بۆ ئەنتاکیا هاتن، هەموو کۆمەڵەی باوەڕدارانیان کۆکردەوە و نامەکەیان پێشکەش کرد. کاتێک خوێندیانەوە بەو هاندانەی تێیدا بوو زۆر دڵشاد بوون. یەهودا و سیلاش کە خۆیان پێغەمبەر بوون، بە زۆر وشە هانی برایانیان دا و ورەیان بەرزکردنەوە. پاش ئەوەی ماوەیەکیان بەسەربرد، لەلایەن برایانەوە بە ئاشتییەوە ڕەوانە کرانەوە بۆ لای ئەوانەی ناردبوویانن، [ بەڵام سیلا بەلایەوە باشتر بوو لەوێ بمێنێتەوە.] پۆڵس و بەرناباسیش هەر لە ئەنتاکیا مانەوە و لەگەڵ زۆر کەسی دیکەدا بەشدارییان کرد لە مزگێنیدان و فێرکردنی پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ. پاش چەند ڕۆژێک پۆڵس بە بەرناباسی گوت: «با بگەڕێینەوە بۆ هەموو ئەو شارانەی کە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆمان تێیدا ڕاگەیاندووە و سەر لە برایان بدەین و هەواڵیان بزانین.» بەرناباسیش پێشنیاری کرد کە یۆحەنا لەگەڵ خۆیاندا بیبەن، ئەوەی بە مەرقۆس ناسراوە. بەڵام پۆڵس پێی باش بوو ئەو کەسە لەگەڵ خۆیاندا نەبەن کە لە پامفیلیادا لێیان جیا بووەوە و لەگەڵیان بۆ کارەکە نەڕۆیشت. لەبەر ئەوە دەمەقاڵە کەوتە نێوانیان، تاکو وای لێهات لە یەکتری جیا بوونەوە. ئەوسا بەرناباس مەرقۆسی لەگەڵ خۆی برد و بە دەریادا بۆ قوبرس چوو. بەڵام پۆڵس سیلای هەڵبژارد و ڕۆیشتن، دوای ئەوەی لەلایەن باوەڕدارانەوە بە نیعمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ سپێردران. ئینجا چوونە ناوچەکانی سوریا و کیلیکیا و کڵێساکانیان بەهێز دەکرد.

هاوبەشی بکە
کردار 15 بخوێنەوە