لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 9:11-30

کردار 9:11-30 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ده‌نگه‌كه‌ دووباره‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ فه‌رمووی: ئه‌وه‌ی خودا پێگه‌ردی كردۆته‌وه‌ تۆ به‌ گڵاوی دامه‌نێ. ئه‌مه‌ سێباره‌ بووه‌وه‌ و هه‌موو شته‌كان بۆ ئاسمان ڕاكێشرانه‌وه‌. ئه‌وه‌بوو یه‌كسه‌ر سێ پیاو له‌پێش ئه‌و ماڵه‌ ڕاوه‌ستان كه‌ تیایدا بووم، له‌ قه‌یسه‌ڕییه‌وه‌ بۆ لام نێردرابوون، ڕووح پێی فه‌رمووم كه‌ بێ دوودڵی له‌گه‌ڵیان بڕۆم، ئه‌م شه‌ش برایه‌ش له‌گه‌ڵم ڕۆیشتن و چووینه‌ ماڵی پیاوه‌كه‌. ئه‌ویش بۆی گێڕاینه‌وه‌ چۆن فریشته‌ی له‌ ماڵه‌كه‌یدا بینیوه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ و وتوویه‌تی: بنێره‌ بۆ یۆپێ به‌دوای شیمعوندا كه‌ نازناوی په‌تڕۆسه‌، ئه‌و قسه‌یه‌كتان بۆ ده‌كات به‌هۆیه‌وه‌ خۆت و هه‌موو ماڵه‌كه‌ت ڕزگارتان ده‌بێت. كاتێ ده‌ستم كرد به‌ قسه‌كردن، ڕووحی پارسایان به‌سه‌ردا ڕژا، وه‌ک له‌ سه‌ره‌تادا هاته‌ سه‌ر ئێمه‌ش. فه‌ردمووده‌كه‌ی په‌روه‌ردگارم بیرهاته‌وه‌ كه‌ فه‌رمووی: یوخه‌ننه‌ن به‌ ئاو عه‌مادی ده‌كرد، به‌ڵام ئێوه‌ به‌ ڕووحی پارسا عه‌ماد ده‌كرێن. جا ئه‌گه‌ر خودا هه‌مان به‌هره‌ی به‌وان دابێت هه‌روه‌ک به‌ ئێمه‌ی داوه‌ كه‌ باوه‌ڕمان به‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار هێنا، ئیتر من كێم؟ ئایا ده‌توانم ڕێگا له‌ خودا بگرم؟” كاتێ ئه‌مه‌یان بیست، بێده‌نگ بوون و خودایان شكۆدار كرد، وتیان: “كه‌واته‌ خودا تۆبه‌كردنی بۆ ژیان به‌ نه‌ته‌وه‌كانیش به‌خشیوه‌!”. ئینجا ئه‌وانه‌ی به‌هۆی ئه‌و چه‌وسانه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئستیفانۆسدا هات په‌رشوبڵاو بوونه‌وه‌، په‌ڕینه‌وه‌ بۆ پۆنیقێ و قوبڕس و ئینتیاكیا، باسی وشه‌كه‌یان بۆ كه‌س نه‌ده‌كرد، بۆ جوو نه‌بێت. به‌ڵام هه‌ندێكیان خه‌ڵكی قوبڕس و قه‌ورینێ بوون، كاتێ هاتنه‌ ئینتیاكیا، قسه‌یان بۆ یۆنانییه‌كان ده‌كرد و موژده‌ی ئیشۆعی په‌روه‌ردگاریان ده‌دا. ده‌ستی په‌روه‌ردگاریان له‌گه‌ڵ بوو، ژماره‌یه‌كی زۆر باوه‌ڕیان هێنا و بۆ په‌روه‌ردگار گه‌ڕانه‌وه‌. ئه‌م هه‌واڵه‌ گه‌یشته‌ گوێی وارگه‌ی یروشلایم، ئه‌وانیش به‌رنڤایان بۆ ئینتیاكیا نارد. كاتێ گه‌یشت و به‌خششی خودای بینی، دڵشاد بوو، هه‌مووانی هاندا كه‌ به‌ دڵ له‌ په‌روه‌ردگاردا جێگیر بن، چونكه‌ پیاوچاک بوو، پڕبوو له‌ ڕووحی پارسا و باوه‌ڕ. كۆمه‌ڵێكی زۆریش هاتنه‌ پاڵ په‌روه‌ردگاره‌وه‌. ئه‌وسا به‌رنڤا چووه‌ ته‌رسوس تاكو به‌دوای شاوولدا بگه‌ڕێت، كاتێ دۆزییه‌وه‌ بۆ ئینتیاكیای هێنا. ئیتر ساڵێكی ته‌واو له‌ وارگه‌ كۆبوونه‌وه‌ و كۆمه‌ڵێكی زۆریان فێركرد. یه‌كه‌مجاریش له‌ ئینتیاكیا قوتابییه‌كان ناویان لێنرا مه‌سیحی. له‌و ڕۆژانه‌دا هه‌ندێک پێغه‌مبه‌ر له‌ یروشلایمه‌وه‌ هاتنه‌ ئینتیاكیا، یه‌كێک له‌وان ناوی ئاگابۆس بوو، به‌هۆی ڕووحه‌وه‌ پێشبینی كرد كه‌ برسێتییه‌كی مه‌زن هه‌موو جیهان ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رده‌می قله‌ودییوس قه‌یسه‌ڕیش ڕوویدا. بۆیه‌ قوتابییه‌كان بڕیاریان دا هه‌ریه‌كه‌ به‌گوێره‌ی توانای شتێک بنێرێت بۆ ئه‌و برایانه‌ی له‌ ئیهوود ده‌ژین. جا وایان كرد و به‌ ده‌ستی به‌رنڤا و شاوول بۆ پیرانییان نارد.

هاوبەشی بکە
کردار 11 بخوێنەوە

کردار 9:11-30 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«دەنگەکە دووبارە لە ئاسمانەوە فەرمووی: ”ئەوەی خودا پاکی کردووەتەوە تۆ بە گڵاوی دامەنێ.“ ئەمە سێبارە بووەوە و هەموو شتەکان بۆ ئاسمان ڕاکێشرانەوە. «ئەوە بوو یەکسەر سێ پیاو لەپێش ئەو ماڵە ڕاوەستان کە ئێمەی لێبوو، لە قەیسەرییەوە بۆ لام نێردرابوون، ڕۆحی پیرۆز پێی فەرمووم کە بێ دوودڵی لەگەڵیان بڕۆم، ئەم شەش برایەش لەگەڵم هاتن و چووینە ماڵی پیاوەکە. ئەویش بۆی گێڕاینەوە چۆن فریشتەی لە ماڵەکەیدا بینیوە ڕاوەستاوە و گوتوویەتی: ”بنێرە بۆ یافا بەدوای شیمۆندا کە نازناوی پەترۆسە، ئەو پەیامێکتان دەداتێ بەهۆیەوە خۆت و هەموو ماڵەکەت ڕزگارتان دەبێت.“ «کاتێک دەستم بە قسە کرد، ڕۆحی پیرۆزیان بەسەردا ڕژا، وەک لە سەرەتادا هاتە سەر ئێمەش. قسەکەی عیسای خاوەن شکۆم بەبیر هاتەوە کە فەرمووی: ”یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، بەڵام ئێوە لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن.“ جا ئەگەر خودا هەمان دیاریی بەوان دابێت هەروەک بە ئێمەی داوە کە باوەڕمان بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ هێنا، ئیتر من کێم بتوانم ڕێگا لە خودا بگرم؟» کاتێک گوێیان لەمە بوو، بێدەنگ بوون و ستایشی خودایان کرد و گوتیان: «کەواتە خودا تۆبەکردنی تەنانەت بە ناجولەکەکانیش بەخشیوە بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتاییان هەبێت.» ئینجا ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو چەوسانەوەیەی بەسەر ستیفانۆسدا هات پەرشوبڵاو ببوونەوە، پەڕینەوە بۆ فینیکیا و قوبرس و ئەنتاکیا، باسی پەیامی خودایان بۆ کەس نەدەکرد، بۆ جولەکە نەبێت. بەڵام هەندێکیان خەڵکی قوبرس و کورێن بوون، کاتێک هاتنە ئەنتاکیا، قسەیان بۆ یۆنانییەکان دەکرد و مزگێنیی عیسای خاوەن شکۆیان دەدا. یەزدان پشتگیری کردن، ژمارەیەکی زۆر باوەڕیان هێنا و بۆ عیسای خاوەن شکۆ گەڕانەوە. ئەم هەواڵە گەیشتە کڵێسای ئۆرشەلیم، ئەوانیش بەرناباسیان بۆ ئەنتاکیا نارد. کاتێک گەیشت و نیعمەتی خودای بینی، دڵشاد بوو، هەمووانی هاندا بە هەموو دڵیانەوە لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆ بمێننەوە، چونکە پیاوچاک بوو، پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و باوەڕ. خەڵکێکی زۆریش هاتنە پاڵ مەسیحی خاوەن شکۆ. ئەوسا چوو بۆ تەرسۆس تاکو بەدوای شاولدا بگەڕێت، کاتێک دۆزییەوە بۆ ئەنتاکیای هێنا. ئیتر ساڵێکی تەواو لە کڵێسا کۆبوونەوە و خەڵکێکی زۆریان فێرکرد. یەکەم جاریش لە ئەنتاکیا قوتابییەکان ناویان لێنرا مەسیحی. لەو ڕۆژانەدا هەندێک پێغەمبەر لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە ئەنتاکیا، یەکێک لەوان ناوی ئاگابۆس بوو، هەستا و لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە پێشبینیی کرد کە قاتوقڕییەکی گەورە هەموو جیهان دەگرێتەوە، ئەوەی لە سەردەمی کلودیۆسیش ڕوویدا. بۆیە قوتابییەکان بڕیاریان دا هەریەکە بەگوێرەی توانای خۆی یارمەتی بنێرێت بۆ ئەو خوشک و برایانەی لە یەهودیا دەژین. ئینجا ئەمەیان کرد و لە ڕێگەی بەرناباس و شاولەوە یارمەتییەکەیان بۆ پیرانی یەهودیا نارد.

هاوبەشی بکە
کردار 11 بخوێنەوە