لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 1:10-16

کردار 1:10-16 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ پیاوێک به‌ ناوی قورنیلیوس هه‌بوو، سه‌رپه‌ل بوو له‌و لیوایه‌ی پێی ده‌ووترا ئیتالی. خۆی و هه‌موو ماڵه‌كه‌ی خواپه‌رست و له‌خواترس بوون، زۆر چاكه‌ی بۆ گه‌لی ده‌كرد و هه‌میشه‌ نوێژی بۆ خودا ده‌كرد. نزیكه‌ی كاژێری نۆی ڕۆژ، له‌ بینینێكدا به‌ ڕوونی بینی فریشته‌یه‌كی خودا هاته‌ لای و پێی فه‌رموو: “قورنیلیوس!” به‌ ترسه‌وه‌ سه‌یری كرد و وتی: “ها گه‌وره‌م؟” پێی فه‌رموو: “نوێژه‌كانت و چاكه‌كانت وه‌ک یاده‌وه‌ری به‌رز بوونه‌ته‌وه‌ به‌رده‌م خودا. ئێستا چه‌ند پیاوێک بۆ یۆپێ بنێره‌، ئه‌و شیمعونه‌ی پێی ده‌ووترێ په‌تڕۆس بهێنن. له‌ ماڵی شیمعونی پێسته‌خۆشكه‌ره‌، كه‌ ماڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌ریایه‌، ئه‌و پێت ده‌ڵێت چی بكه‌یت”. كاتێ فریشته‌كه‌ وا قسه‌ی له‌گه‌ڵ قورنیلیوسی كرد ڕۆیشت، دووان له‌ ڕاژه‌وانه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌ربازێكی خواپه‌رستی بانگكرد كه‌ له‌ داروده‌سته‌ بوون، هه‌موو شتێكی بۆ گێڕانه‌وه‌ و ناردیانی بۆ یۆپێ. بۆ سبه‌ینێ، كاتێ به‌ ڕێگاوه‌ بوون و له‌ شاره‌كه‌ نزیک ده‌بوونه‌وه‌، نزیكه‌ی كاژێر شه‌ش، په‌تڕۆس بۆ نوێژكردن چووه‌ سه‌ربان. ئه‌وه‌بوو زۆر برسی بوو، ئاره‌زووی نانخواردنی ده‌كرد، كاتێک ئاماده‌یان ده‌كرد، له‌هۆش خۆی چوو. ئاسمانی به‌ كراوه‌یی بینی، شتێک وه‌ک چه‌رچه‌فێكی مه‌زن هاته‌ خواره‌وه‌، به‌ هه‌ر چوار لاوه‌ به‌سترابووه‌وه‌ و شۆڕكرایه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی. هه‌موو جۆره‌ ئاژه‌ڵی چوارپێ و خشۆكی سه‌ر زه‌وی و باڵنده‌ی ئاسمانی تێدابوو. ده‌نگێک هات: “په‌تڕۆس هه‌سته‌، سه‌رببڕه‌ و بخۆ!” په‌تڕۆس وتی: “نه‌خێر په‌روه‌ردگار، چونكه‌ هه‌رگیز شتی پیس یان گڵاوم نه‌خواردووه‌”. دیسان ده‌نگه‌كه‌ی بۆ هاته‌وه‌: “ئه‌وه‌ی خودا بێگه‌ردی كردۆته‌وه‌ تۆ به‌ گڵاوی دامه‌نێ!” ئه‌مه‌ش سێباره‌ بووه‌وه‌ و یه‌كسه‌ر چه‌رچه‌فه‌كه‌ بۆ ئاسمان به‌رزكرایه‌وه‌.

هاوبەشی بکە
کردار 10 بخوێنەوە

کردار 1:10-16 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لە شاری قەیسەرییە پیاوێک بە ناوی کۆرنیلیۆس هەبوو، سەرپەل بوو لەو لیوایەی پێی دەگوترا ئیتالی. خۆی و هەموو ماڵەکەی خواپەرست و لەخواترس بوون، زۆر هاوکاری خەڵکی هەژاری دەکرد و هەموو کاتێک نوێژی بۆ خودا دەکرد. نزیکەی کاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆ، بە ڕوونی فریشتەیەکی خودا لە بینینێکدا هاتە لای و پێی گوت: «کۆرنیلیۆس!» بە ترسەوە سەیری کرد و گوتی: «بەڵێ گەورەم؟» پێی گوت: «نوێژەکانت و چاکەکانت وەک یادەوەری بەرز بوونەتەوە بەردەم خودا. ئێستا چەند پیاوێک بۆ یافا بنێرە و ئەو شیمۆنەی پێی دەگوترێ پەترۆس بیهێنن. لە ماڵی شیمۆنی پێستەخۆشکەرە، ماڵەکەی لەسەر دەریایە.» کاتێک ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵی کرد ڕۆیشت، دووان لە خزمەتکارەکانی و سەربازێکی خواپەرستی بانگکرد کە یەکێک بوو لە دارودەستە تایبەتەکەی، هەموو شتێکی بۆ گێڕانەوە و ناردیانی بۆ یافا. بۆ بەیانی، کاتێک بە ڕێگاوە بوون و لە شارەکە نزیک دەبوونەوە، نزیکەی کاتژمێر دوازدە، پەترۆس بۆ نوێژکردن چووە سەربان. ئیتر برسی بوو و دەیویست نان بخوات، بەڵام لە کاتی ئامادەکردنی خواردندا، لەهۆش خۆی چوو. ئاسمانی بە کراوەیی بینی، شتێک لە شێوەی چەرچەفێکی گەورە دەهاتە خوارەوە بۆ سەر زەوی کە لە هەر چوار لاوە گرێدرا بوو. هەموو جۆرە ئاژەڵی چوارپێ و خشۆکی سەر زەوی و باڵندەی ئاسمانی تێدابوو. ئینجا دەنگێک بانگی کرد: «پەترۆس هەستە، سەربڕە و بخۆ!» پەترۆس گوتی: «نەخێر، ئەی پەروەردگار، چونکە هەرگیز شتی گڵاو یان حەرامم نەخواردووە.» دیسان دەنگەکە لەگەڵی دوا: «ئەوەی خودا پاکی کردووەتەوە تۆ بە گڵاوی دامەنێ.» ئەمەش سێبارە بووەوە و دەستبەجێ چەرچەفەکە بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە.

هاوبەشی بکە
کردار 10 بخوێنەوە