لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم سالۆنیکی 3:1-10

دووەم سالۆنیکی 3:1-10 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

برایان، ده‌بێت هه‌رده‌م له‌به‌ر ئێوه‌ سوپاسی خودا بكه‌ین، وه‌ک شایسته‌یه‌، چونكه‌ باوه‌ڕتان زۆر گه‌شه‌ ده‌كات و خۆشویستنی هه‌ر یه‌كێكتان و هه‌موو بۆ یه‌كتری زیاد ده‌كات، ته‌نانه‌ت‌ ئێمه‌ به‌ خۆمان له‌ وارگه‌كانی خودا شانازیتان پێوه‌ ده‌كه‌ین، بۆ دانبه‌خۆداگرتن و باوه‌ڕتان له‌ هه‌موو چه‌وسانه‌وه‌ و ته‌نگانه‌یه‌‌ک كه‌ به‌رگه‌ی ده‌گرن. ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ حوكمی خودا دادپه‌روه‌رانه‌یه‌، تاكو شیاوی پاشایه‌تیی خودا بن، ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی ئازار ده‌چێژن. له‌لای خودا دادپه‌روه‌رانه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی ته‌نگتان پێ هه‌ڵده‌چنن سزایان به‌ ته‌نگانه‌ بداته‌وه‌، ئێوه‌ كه‌ له‌ ته‌نگانه‌دان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ حه‌سانه‌وه‌تان ده‌بێت، له‌ كاتی ئاشكراكردنی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار له‌ ئاسمان له‌گه‌ڵ فریشته‌كانی تواناكه‌ی. له‌ ئاگرێكی گڕداردا سزای ئه‌وانه‌ ده‌دات كه‌ خودا ناناسن و گوێڕایه‌ڵی ئینجیلی ئیشۆعی په‌روه‌ردگارمان نابن، ئه‌وانه‌ به‌ له‌ناوچوونی جاویدانی سزا ده‌درێن، دوور له‌ ئاماده‌گی په‌روه‌ردگار و شكۆی تواناكه‌ی، كاتێ له‌و ڕۆژه‌دا دێته‌وه‌، تاكو له‌ پارساكانی شكۆدار بێت و ببێته‌ سه‌رسامی له‌نێو هه‌موو باوه‌ڕداران، چونكه‌ له‌لای ئێوه‌ گه‌واهیدانمان باوه‌ڕی پێ كرا.

دووەم سالۆنیکی 3:1-10 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

خوشکان، برایان، دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین، وەک شایستەیە، چونکە باوەڕتان زۆر گەشە دەکات و خۆشەویستی هەر یەکێکتان و هەمووان بۆ یەکتری زیاد دەکات، بۆیە ئێمە خۆمان لە کڵێساکانی خودا شانازیتان پێوە دەکەین، بەهۆی دانبەخۆداگرتن و باوەڕتان لەو هەموو چەوسانەوە و ناخۆشییانەی کە بەرگەی دەگرن. ئەمە بەڵگەیە کە حوکمی خودا دادپەروەرانەیە، تاکو شیاوی شانشینی خودا بن، ئەوەی کە لە پێناویدا ئازار دەچێژن. لەبەر ئەوەی خودا دادپەروەرە، ئەوانەی تەنگتان پێ هەڵدەچنن بە تەنگانە سزایان دەداتەوە، هەروەها ئێوە کە لە تەنگانەن، لەگەڵ ئێمە حەسانەوەتان دەبێت. ئەوە کاتێک ڕوودەدات کە عیسای خاوەن شکۆ لە ئاسمان لەگەڵ فریشتە بە تواناکانیدا لە گڕی ئاگردا دەردەکەوێت. سزای ئەوانە دەدات کە خودا ناناسن و گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیلی عیسای خاوەن شکۆمان نابن، ئەوانە بە لەناوچوونی هەتاهەتایی سزا دەدرێن، دوور لە ئامادەبوونی مەسیح و شکۆی تواناکەی، کاتێک لەو ڕۆژەدا دێتەوە، تاکو لەلایەن گەلە پیرۆزەکەیەوە ستایش بکرێت و ببێتە جێی سەرسامی لەنێو هەموو ئەوانەی باوەڕیان هێناوە، چونکە لەلای ئێوە شایەتییەکەمان باوەڕی پێ کرا.