دووەم ساموئێل 26:22-51
دووەم ساموئێل 26:22-51 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
«لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت، لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت، لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت، بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت. تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت، بەڵام چاوەکانت لەسەر لووتبەرزانە، دەیانشکێنیت. ئەی یەزدان، تۆ چرای منیت، یەزدان تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە. بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم، لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم. «ڕێبازی خودا تەواوە، بەڵێنی یەزدان بێگەردە، ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن. لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟ لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟ خودایە ئەوەی بە هێز پاڵپشتیم دەکات، بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە. پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات، لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت. مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ، تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە. تۆ قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم، هاوکاریت گەورەم دەکات. جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت، تاکو پێم نەخلیسکێت. «دوژمنەکانم ڕاونا و وردوخاشم کردن، هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە. لەناوم بردن و وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە، لەژێر پێم کەوتن. کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ، وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن. دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد، من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد. هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو، هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو. وەک تۆزی زەوی ئەوانم هاڕی، وەک قوڕی سەر ڕێگا پێم خستە سەریان و پێشێلم کردن. «لە هێرشی گەلان ڕزگارت کردم، تۆ منت بە سەرۆکی نەتەوەکان هێشتەوە. گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن، بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن، هەرکە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن. بێگانەکان ورە بەر دەدەن و بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە. «یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم! خودای ڕزگارکەرم تاشەبەردەکەیە، پایەبەرزە! خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە، گەلان ملکەچی من دەکات، لە چنگی دوژمنەکانم دەرمدەهێنێت. پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم، لە دەست پیاوێکی توندوتیژ ڕزگارت کردم. لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم، گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم. «سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت، خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت، بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.»