دووەم پاشایان 3:7-9
دووەم پاشایان 3:7-9 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
چوار پیاوی گەڕوگول لە دەروازەی شارەکە بوون، بە یەکتریان گوت: «بۆ لێرە بمێنینەوە هەتا دەمرین؟ ئەگەر بڵێین: ”با بچینە ناو شارەکەوە،“ لە شارەکە قاتوقڕی هەیە و لەوێ دەمرین. ئەگەر لێرەش دانیشین، هەر دەمرین. ئێستا با بچینە ئۆردوگای ئارامییەکان و خۆمان ڕادەست بکەین، ئەگەر لێمان خۆشبوون ئەوا دەژین، ئەگەر بشمانکوژن ئەوا هەر دەمرین.» لە زەردەپەڕی ئێوارە هەستان بۆ ئەوەی بچنە ئۆردوگای ئارامییەکان. هاتن هەتا گەیشتنە قەراغی ئۆردوگای ئارامییەکان، کەسی لێ نەبوو، چونکە پەروەردگار وای کرد کە ئۆردوگای ئارامییەکان دەنگی گالیسکە و ئەسپ و سوپایەکی گەورە ببیستن، ئیتر بە یەکتریان گوتبوو: «ئەوەتا پاشای ئیسرائیل پاشاکانی حیتی و میسرییەکانی لە دژی ئێمە بەکرێ گرتووە هەتا لەگەڵمان بجەنگن!» لەبەر ئەوە هەستان و لە زەردەپەڕی ئێوارە هەڵاتن، وازیان لە چادر و ئەسپ و گوێدرێژەکانیان هێنا. ئۆردوگاکەیان وەک خۆی بەجێهێشت و بۆ دەربازکردنی ژیانی خۆیان هەڵاتن. ئەو گەڕوگولانه هەتا قەراغی ئۆردوگاکە هاتن، چوونە ناو چادرێک و خواردیان و خواردیانەوە. زێڕ و زیو و جلوبەرگیان برد و چوون شاردییانەوە. پاشان گەڕانەوە و چوونە ناو چادرێکی دیکە، لەوێش بردیان و چوون و شاردییانەوە. ئینجا بە یەکترییان گوت: «ئەوەی ئێمە دەیکەین ڕاست نییە. ئەمڕۆ ڕۆژی مژدەیە و ئێمەش لێی بێدەنگین. ئەگەر هەتا بەرەبەیان چاوەڕێ بکەین تووشی سزا دەبین. وەرن با ئێستا بچین و بە کۆشکی پاشای ڕابگەیەنین.»