دووەم پاشایان 15:6-23
دووەم پاشایان 15:6-23 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
بەیانی زوو کاتێک خزمەتکاری پیاوەکەی خودا لە خەو هەستا و چووە دەرەوە، بینی سوپایەک بە ئەسپ و گالیسکەوە شارەکەیان گەمارۆ داوە. خزمەتکارەکەی لە ئەلیشەعی پرسی: «ئای گەورەم، چی بکەین؟» ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «مەترسە، چونکە ئەوانەی لەگەڵ ئێمەن زۆرترن لەوانەی لەگەڵ ئەوانن.» ئینجا ئەلیشەع نزای کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، چاوی بکەرەوە با ببینێت.» یەزدانیش چاوی خزمەتکارەکەی کردەوە و بینی وا چیاکە پڕە لە ئەسپ و گالیسکەی ئاگرین لە چواردەوری ئەلیشەع. کاتێک دوژمن بەرەو لای هاتنە پێش، ئەلیشەع لە یەزدان پاڕایەوە و گوتی: «لەو گەلانە بدە و کوێریان بکە.» یەزدانیش بەگوێرەی پاڕانەوەکەی ئەلیشەع، لێیدان و کوێری کردن. ئەلیشەع پێی گوتن: «نە ئەمە ڕێگاکەیە و نە ئەمەش شارەکەیە. بەدوام بکەون، دەتانبەمە لای ئەو پیاوەی بەدوایدا دەگەڕێن.» ئیتر هەموویانی بردە سامیرە. لەدوای ئەوەی چوونە ناو سامیرە، ئەلیشەع گوتی: «ئەی یەزدان، چاوی ئەمانە بکەرەوە با ببینن.» یەزدانیش چاوی کردنەوە و بینییان وا لەناو سامیرەن. کاتێک پاشای ئیسرائیل ئەوانی بینی، بە ئەلیشەعی گوت: «ئایا بیانکوژم، باوکە؟ ئایا بیانکوژم؟» ئەویش گوتی: «مەیانکوژە. ئەگەر تۆ ئەوانە ناکوژیت کە بە شمشێر و کەوانەکەت بە دیلت گرتوون، ئیتر چۆن ئەمانە دەکوژیت؟ نان و ئاویان لەپێش دابنێ، با بخۆن و بخۆنەوە، ئینجا بچنەوە لای گەورەکەیان.» ئەویش خوانێکی گەورەی بۆ ئامادەکردن، خواردیان و خواردیانەوە، بەڕێی کردن و گەڕانەوە لای گەورەکەیان. ئیتر چەتەکانی ئارام وازیان لە هێرشکردنە سەر خاکی ئیسرائیل هێنا.