دووەم پاشایان 11:5-20
دووەم پاشایان 11:5-20 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
بەڵام نەعمان بە تووڕەییەوە ڕۆیشت و گوتی: «وام دانا کە دێتە دەرەوە بۆ لام و ڕادەوەستێت، بە ناوی یەزدانی پەروەردگاریەوە دەپاڕێتەوە و دەستی بەسەر شوێنەکەدا دەهێنێت و گەڕوگولییەکە چاک دەبێتەوە. ئایا ئەڤانا و پەڕپەڕ، دوو ڕووبارەکەی دیمەشق، لە هەموو ئاوەکانی ئیسرائیل چاکتر نین؟ ئایا نەمدەتوانی خۆمیان تێدا بشۆم و پاک ببمەوە؟» لەبەر ئەوە ئاوڕی دایەوە و بە تووڕەییەوە ڕۆیشت. خزمەتکارەکانی نەعمان هاتنە پێشەوە و پێیان گوت: «ئەی باوکمان، ئایا ئەگەر پێغەمبەرەکە شتێکی گەورەی پێت بگوتایە، نەتدەکرد؟ بەڵام چەند ئاسانترە کە گوتی: ”خۆت بشۆ و پاک ببەوە!“» ئیتر چووە خوارەوە و بەپێی قسەی پیاوەکەی خودا، حەوت جار خۆی لە ڕووباری ئوردون نوقوم کرد، گۆشتەکەی گەڕایەوە وەک گۆشتی کوڕێکی گەنج و پاک بووەوە. ئینجا نەعمان لەگەڵ هەموو لەشکرەکەی گەڕایەوە بۆ لای پیاوەکەی خودا. لەبەردەمی ڕاوەستا و گوتی: «ئێستا دەزانم کە لە هەموو جیهان هیچ خودایەک نییە بێجگە لە خودای ئیسرائیل. ئێستاش ئەم دیارییە لە خزمەتکارەکەت وەربگرە.» پێغەمبەرەکە وەڵامی دایەوە: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی دەیپەرستم، وەریناگرم.» ئینجا زۆری لێکرد هەتا وەریبگرێت، بەڵام ڕازی نەبوو. نەعمان گوتی: «ئەگەر وەریناگریت، کەواتە ڕێم پێبدە باری دوو هێستر خۆڵ لەگەڵ خۆم ببەم، لەبەر ئەوەی خزمەتکارەکەت جارێکی دیکە قوربانی سووتاندن و سەربڕاو بۆ هیچ خودایەکی دیکە بێجگە لە یەزدان ناکات. بەڵام با لە شتێک یەزدان لە خزمەتکارەکەت خۆشبێت: کاتێک گەورەکەم دەچێتە پەرستگای ڕیمۆن بۆ ئەوەی کڕنۆش ببات، پشت بە من دەبەستێت، دەبێ منیش لەگەڵ ئەو کڕنۆش ببەم، با یەزدان لەو شتەی خزمەتکارەکەت خۆشبێت.» ئەلیشەعیش گوتی: «بەخێر بچیت.» دوای ئەوەی نەعمان ڕۆیشت و کەمێک لێی دوور کەوتەوە، گێحەزیی خزمەتکاری ئەلیشەعی پیاوی خودا گوتی: «گەورەم ڕازی نەبوو ئەو شتە لە نەعمانی ئارامی وەربگرێت کە هێنا بووی، بەڵام بە یەزدانی زیندوو من بەدوایدا ڕادەکەم و شتێکی لێ وەردەگرم.»