دووەم پاشایان 13:18-25
دووەم پاشایان 13:18-25 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
لە ساڵی چواردەیەمی حەزقیا پاشا، سەنحێریبی پاشای ئاشور هێرشی کردە سەر هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا و داگیری کردن. لەبەر ئەوە حەزقیا پاشای یەهودا پەیامی بۆ پاشای ئاشور نارد لە لاخیش و گوتی: «من هەڵەیەکی گەورەم کرد. لەلای من بکشێوە، ئەوەی لەسەرم دەیسەپێنی دەیدەم.» پاشای ئاشور سێ سەد تالنت زیو و سی تالنت زێڕی لەسەر حەزقیای پاشای یەهودا سەپاند. حەزقیاش هەموو زیوەکانی ناو پەرستگای یەزدان و ناو گەنجینەکانی کۆشکی پاشای دایێ. لەو کاتە حەزقیا پاشای یەهودا ئەو زێڕەی داڕنی کە پەرستگای یەزدان و چوارچێوەی دەرگاکانی پێ ڕووپۆش کردبوو، دایە پاشای ئاشور. پاشای ئاشور فەرماندەی گشتی و سەرۆکی دیوان و فەرماندەی ناوچەکەی بە سوپایەکی گەورەوە لە لاخیشەوە ناردە سەر حەزقیای پاشا لە ئۆرشەلیم. کاتێک سەرکەوتن و هاتن لەلای ئاوباری گۆمەکەی سەرەوە ڕاوەستان، کە لەسەر ڕێگای شوێنی جلشۆرینەکەیە، بانگی پاشایان کرد، ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و یۆئاحی تۆمارکار کوڕی ئاساف چوونە دەرەوە بۆ لایان. فەرماندەی ناوچەکە پێی گوتن: «بە حەزقیا بڵێن: «”پاشای گەورە، پاشای ئاشور دەڵێت: تۆ پشتت بە چی بەستووە؟ تۆ دەڵێیت کە پلان و هێزت هەیە بۆ جەنگ، بەڵام ئەوە قسەی پووچە. ئێستاش پشتت بە کێ بەستووە تاکو لێم یاخی بیت؟ پشتت بەو قامیشە شکاوە بەستووە، بە میسر، ئەوەی کە هەرکەسێک خۆی بەسەردا بچەمێنێتەوە لەپی دەستی بریندار دەبێت و کونی دەکات! فیرعەونی پاشای میسر ئاوایە بۆ هەموو ئەوانەی پشتی پێ دەبەستن. ئەگەر پێشم بڵێن: ’پشتمان بە یەزدانی پەروەردگارمان بەستووە.‘ ئایا ئەوە ئەو نەبوو کە حەزقیا نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانی تێکدا و بە یەهودا و ئۆرشەلیمی گوت: ’دەبێت لەبەردەم ئەم قوربانگایە کڕنۆش ببەن کە لە ئۆرشەلیمە‘؟ «”ئێستاش گرەو لەگەڵ پاشای ئاشوری گەورەم بکە، من دوو هەزار ئەسپت دەدەمێ، ئەگەر تۆ بتوانیت بۆ خۆت سوار لەسەریان دابنێیت! ئیتر چۆن دەتوانیت تاکە ئەفسەرێک لە خزمەتکارە بچووکەکانی گەورەکەم ببەزێنیت، تەنانەت ئەگەر پشت بە میسریش ببەستیت بۆ گالیسکە و سوار؟ لە کۆتاییدا ئایا من بەبێ فەرمانی یەزدان هاتووم بۆ سەر ئەم شوێنە هەتا وێرانی بکەم؟ یەزدان خۆی پێی فەرمووم: بەسەر ئەو خاکەدا بدە و وێرانی بکە.“»