دووەم پاشایان 8:15-22
دووەم پاشایان 8:15-22 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
لە ساڵی سی و هەشتەمی پاشایەتی عەزەریای پاشای یەهودا، زەکەریای کوڕی یارۆڤعام شەش مانگ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد هەروەک چۆن باوباپیرانی کردیان و لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. شەلومی کوڕی یاڤێش پیلانی لە دژی زەکەریا گێڕا، لەبەردەم گەل لێیدا و کوشتی، لە جێی ئەو بوو بە پاشا. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی زەکەریاش، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. ئیتر فەرمایشتەکەی یەزدان کە بە یێهوی فەرموو هاتە دی، کە فەرمووی: «هەتا چوارەمین نەوەت لەسەر تەختی ئیسرائیل دادەنیشێت.» شەلومی کوڕی یاڤێش لە ساڵی سی و نۆیەمی عوزیای پاشای یەهودا بوو بە پاشا و یەک مانگ لە سامیرە پاشایەتی کرد. ئینجا مەنەحێمی کوڕی گادئی لە تیرزەیەوە سەرکەوت و هاتە سامیرە، لە سامیرە لە شەلومی کوڕی یاڤێشی دا و کوشتی، لە جێی ئەو بوو بە پاشا. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی شەلوم و ئەو پیلانەی کە گێڕای، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. لەو کاتەدا مەنەحێم لە تیرزەیەوە هێرشی کردە سەر تیفسەح و دەوروبەری و هەموو ئەوەی تێیدا بوو، چونکە دەروازەی شارەکەیان بۆی نەکردەوە. تیفسەحی وێران کرد و سکی هەموو ژنە سکپڕەکانیشی هەڵدڕی. لە ساڵی سی و نۆیەمی عەزەریای پاشای یەهودا، مەنەحێمی کوڕی گادئی دە ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بە درێژایی ماوەی حوکمڕانییەکەی لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. پاشان پولی پاشای ئاشور هاتە سەر خاکەکە و مەنەحێمیش هەزار تالنت زیوی دایە پول، هەتا پاڵپشتی بکات بۆ ئەوەی جڵەوی پاشایەتییەکەی بگرێتە دەست. مەنەحێم ئەم بڕە زیوەی بەسەر ئیسرائیلدا سەپاند، بەسەر هەموو بە توانا و دەوڵەمەندەکان، هەتا بدرێتە پاشای ئاشور، پەنجا شاقل زیو لەسەر هەر پیاوێک، جا پاشای ئاشور گەڕایەوە و لەوێ لە خاکەکە نەمایەوە. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی مەنەحێم و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. مەنەحێم لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر پەقەحیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.