لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم پاشایان 7:1-17

دووەم پاشایان 7:1-17 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پاشا لێی پرسین: «ئەو پیاوەی بەرەوپیرتان هات و ئەم قسانەی پێ گوتن، شێوەی چۆن بوو؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوێکی تووکن بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە کەمەری بەستبوو.» ئەویش گوتی: «ئەوە ئەلیاسی تیشبییە.» ئینجا فەرماندەیەکی لەگەڵ پەنجا سەربازەکەی ناردە لای ئەلیاس، ئەویش چوو بۆ لای ئەلیاس و بینی وا لەسەر لووتکەی کێوێک دانیشتووە، پێی گوت: «ئەی پیاوی خودا، پاشا دەڵێت، ”وەرە خوارەوە!“» ئەلیاسیش وەڵامی فەرماندەکەی دایەوە: «ئەگەر من پیاوی خودام، با ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە و خۆت و پەنجا پیاوەکەت بسووتێنێت!» ئینجا ئاگر لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و خۆی و پەنجا پیاوەکەی سووتاند. دیسان فەرماندەیەکی دیکەی بە پەنجا سەربازەکەیەوە ناردە لای ئەلیاس، پێی گوت: «ئەی پیاوی خودا، پاشا دەڵێت: ”پەلە بکە و وەرە خوارەوە!“» ئەلیاسیش وەڵامی دایەوە و پێی گوتن: «ئەگەر من پیاوی خودام، با ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە و خۆت و پەنجا پیاوەکەت بسووتێنێت!» ئینجا ئاگری خودا لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و خۆی و پەنجا پیاوەکەی سووتاند. بۆ جاری سێیەم فەرماندەیەکی لەگەڵ پەنجا سەربازەکەی نارد. فەرماندەکەی سێیەم سەرکەوت و چوو لەبەردەم ئەلیاس کەوتە سەر چۆک و لێی پاڕایەوە، پێی گوت: «ئەی پیاوی خودا، با ژیانی خۆم و ژیانی ئەم پەنجا خزمەتکارەت لەبەرچاو بەهادار بێت. ببینە، ئاگر لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و دوو فەرماندەکەی یەکەمی لەگەڵ سەربازەکانیان سووتاند. بەڵام ئێستا با ژیانی من لەبەرچاوت بەهادار بێت!» ئینجا فریشتەی یەزدان بە ئەلیاسی فەرموو: «لەگەڵی بڕۆ خوارەوە، لێی مەترسە.» ئەویش هەستا و لەگەڵی چووە خوارەوە بۆ لای پاشا. بە پاشای گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئایا لەبەر ئەوەی لە ئیسرائیل هیچ خودایەک نییە کە ڕاوێژی لەگەڵ بکەیت، نێردراوت نارد بۆ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن بکەن؟ لەبەر ئەوەی ئەمەت کرد، لەسەر ئەو نوێنە هەڵناستیتەوە کە لەسەری ڕاکشاویت. بە دڵنیاییەوە دەمریت!» ئینجا پاشا مرد، بەپێی فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی ئەلیاسەوە. لەبەر ئەوەی ئەحەزیا کوڕی نەبوو، یۆرام لە جێی ئەو بوو بە پاشا، لە ساڵی دووەمی پاشایەتی یەهۆرامی کوڕی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا.