لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم پوختەی مێژوو 22:6-42

دووەم پوختەی مێژوو 22:6-42 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«ئەگەر یەکێک گوناهی دەرهەق بە هاوڕێکەی کرد و سوێندخواردنی بەسەردا سەپێنرا و هات بۆ ئەوەی لەبەردەم قوربانگاکەت لەم پەرستگایە سوێندەکەی بخوات، تۆ لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و دەستبەکار بە. دادوەری لەنێوان خزمەتکارەکانت بکە، حوکم بدە بەسەر تاوانباردا بەوەی ڕێگای خۆی بەسەر خۆیدا بهێنەرەوە، ئەستۆپاکی کەسی بێتاوان دەربخە و بەگوێرەی بێتاوانییەکەی پێی ببەخشە. «کاتێک ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت بەهۆی ئەو گوناهەی بەرامبەرت دەیکەن، لەبەردەم دوژمنەکانیان تێکدەشکێن، ئەگەر گەڕانەوە بۆ لات و دانیان نایەوە بە ناوی تۆ، لەبەردەمت لەم پەرستگایەدا نزا و نوێژیان کرد و پاڕانەوە، تۆش لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و لە گوناهی ئیسرائیلی گەلت خۆشبە و بیانگەڕێنەوە ئەو خاکەی کە بە خۆیان و باوباپیرانیانت داوە. «ئەگەر ئاسمان داخرا و باران نەباری بەهۆی ئەوەی گەلەکەت گوناهیان دەرهەق بە تۆ کرد، پاشان نوێژیان ڕووەو ئەم شوێنە کرد و دانیان بە ناوەکەتدا نا و لە گوناهەکەیان پاشگەز بوونەوە، چونکە گرفتارت کردن، تۆش لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و لە گوناهی خزمەتکارەکانت و ئیسرائیلی گەلی خۆت خۆشبە، فێری ئەو ڕێگا باشەیان بکە کە دەبێت پێیدا بڕۆن و باران بەسەر خاکەکەتدا ببارێنە، ئەوەی بە میرات داوتە بە گەلەکەت. «هەر کاتێک قاتوقڕی، پەتا، بای گەرمەسێر، کوللە یان سن لە خاکەکە دەدات؛ یان هەر کاتێک دوژمن لە شارەکانیان گەمارۆیان دەدەن؛ یان هەر بەڵا و دەردێک دێت؛ ئیتر کاتێک هەرکەسێکی ئیسرائیلی گەلی خۆت نوێژ یان داواکارییەک لە تۆ بکات، لەلایەن ئەوەی کە دەرد و ئازاری خۆی دەزانێت و دەستی بەرامبەر بەم پەرستگایە بەرز دەکاتەوە، ئەوا تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە گوێ بگرە. لێی خۆشبە، لەبەر ئەوەی تەنها تۆ دڵی ئادەمیزاد دەناسیت، بۆ هەرکەسێک بەگوێرەی هەڵسوکەوتەکانی کاردانەوەت هەبێت، بۆ ئەوەی بە درێژایی ڕۆژانی ژیانیان لەم خاکەی بە باوباپیرانی ئێمەت داوە لێت بترسن و ڕێگاکانت بگرنەبەر. «هەروەها ئەو بیانییەی کە لە ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت نییە و لە پێناوی ناوی مەزنت و دەستی پۆڵایین و بازووی بەهێزت لە خاکێکی دوورەوە هاتووە، جا کە هات و بەرەو ئەم پەرستگایە نوێژی کرد، تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە و بەپێی هەموو ئەوەی ئەم بیانییە لێت دەپاڕێتەوە بۆی بەجێبهێنە، تاکو هەموو گەلانی زەوی بە ناوی تۆ ئاشنا بن و وەک ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت لێت بترسن، هەروەها بۆ ئەوەی بزانن ئەم ماڵەی کە بنیادم ناوە هەڵگری ناوی تۆیە. «کاتێک گەلەکەت لە دژی دوژمنەکەی بۆ جەنگ دەچێت، بۆ هەرکوێ کە دەیاننێریت، کە نوێژیان بۆت کرد ڕووەو ئەو شارەی کە هەڵتبژاردووە و ئەو پەرستگایەی بۆ ناوەکەت بنیادم ناوە، تۆ لە ئاسمانەوە گوێ لە نوێژ و داواکارییەکانیان بگرە و دادوەرییان بۆ بکە. «کەس نییە گوناه نەکات، بەڵام کاتێک گوناهت بەرامبەر دەکەن و تۆش لێیان تووڕە دەبیت و دەیاندەیتە دەست دوژمن کە بە دیلیان دەگرن و بۆ خاکێک ڕاپێچیان دەکەن، جا دوور بێت یان نزیک، لەدوای ئەمە ئەگەر لەو خاکەی بۆی ڕاپێچ دەکرێن هاتنەوە هۆش خۆیان، لە خاکی ڕاپێچکەرانیان تۆبەیان کرد و لێت پاڕانەوە و گوتیان: ”گوناه و تاوان و خراپەمان کرد“؛ ئیتر بە هەموو دڵ و گیانیانەوە گەڕانەوە لات، لە خاکی دیلیێتییان کە بۆی ڕاپێچ کراون، هەروەها نوێژیان کرد ڕووەو ئەو خاکەی داوتە بە باوباپیرانیان و ئەو شارەی هەڵتبژاردووە و ئەو پەرستگایەی بۆ ناوی تۆ بنیادم ناوە؛ ئەوا تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە گوێ لە نوێژ و داواکارییان بگرە و دادوەرییان بۆ بکە. هەروەها لە گەلەکەت خۆشبە، لەو گوناهانەی بەرامبەرت کردوویانە. «ئێستاش ئەی خودایە، تکایە با چاوەکانت کراوە و گوێیەکانت شل بن بۆ نوێژەکانی ئەم شوێنە. ئێستا ئەی یەزدانی پەروەردگار، هەستە و وەرە بۆ شوێنی حەوانەوەت، خۆت و سندوقی هێزت. ئەی خودای پەروەردگار، با کاهینەکانت ڕاستودروستی لەبەر بکەن و خۆشەویستانت بە چاکە شاد بن. ئەی یەزدانی پەروەردگار، دەستنیشانکراوەکەت ڕەت مەکەرەوە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ داودی بەندەت لەیاد بێت.»