دووەم پوختەی مێژوو 15:36-20
دووەم پوختەی مێژوو 15:36-20 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان بەردەوام لە ڕێگەی نێردراوەکانییەوە پەیامی بۆ دەناردن، چونکە بەزەیی بە گەلەکەی و بە ماڵەکەیدا هاتەوە. بەڵام گاڵتەیان بە نێردراوەکانی خودا کرد و نرخیان بۆ وشەکانی ئەو دانەنا و سووکایەتییان بە پێغەمبەرەکانی کرد، هەتا تووڕەیی یەزدان لە گەلەکەی ورووژا، بە ڕادەیەک کە چارەسەر نەبوو. ئیتر پاشای بابلییەکانی ناردە سەریان و لە پیرۆزگاکەیاندا گەنجەکانی ئەوانی بە شمشێر کوشت و بەزەیی بە کوڕ و کچی گەنج و پیر و ڕیش سپیدا نەهاتەوە، بەڵکو هەموویانی دا بە دەستی نەبوخودنەسرەوە. هەموو قاپوقاچاغەکانی پەرستگای خودا لە گەورە و بچووک، گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان، گەنجینەکانی پاشا و کاربەدەستەکانی، هەمووی بۆ بابل هێنا. پەرستگای خودایان سووتاند و شووراکەی ئۆرشەلیمیان ڕووخاند و هەموو کۆشکەکانیان سووتاند و هەموو قاپوقاچاغە بەهادارەکانیان لەناوبرد. ئەوانەی مانەوە و بە شمشێر نەکوژران، ڕاپێچی کردن بۆ بابل، جا بۆ خۆی و بۆ کوڕەکانی بوون بە خزمەتکار هەتا کاتی بەهێزبوونی شانشینی فارس.