لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم پوختەی مێژوو 9:32-15

دووەم پوختەی مێژوو 9:32-15 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پاشان سەنحێریبی پاشای ئاشور کە خۆی و هەموو هێزەکانی گەمارۆی لاخیشیان دابوو، ئەفسەرەکانی ناردە ئۆرشەلیم بۆ لای حەزقیای پاشای یەهودا و بۆ لای هەموو گەلی یەهودا کە لە ئۆرشەلیمدا بوون و گوتیان: «سەنحێریبی پاشای ئاشور دەڵێت: پشتتان بە چی دەبەستن و لە ئۆرشەلیم لەژێر گەمارۆدا دەمێننەوە؟ کە حەزقیا دەڵێت: ”یەزدانی پەروەردگارمان لە دەست پاشای ئاشور دەربازمان دەکات،“ ئایا فریوتان نادات بۆ ئەوەی بە برسیێتی و بە تینووێتی بتانداتە دەست مردن؟ ئایا حەزقیا نەبوو کە نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانی تێکدا کە هی ئەم خوداوەندە بوو، بە یەهودا و ئۆرشەلیمی گوت: ”لەبەردەم یەک قوربانگادا کڕنۆش دەبەن و قوربانی لەسەر دەسووتێنن“؟ «ئایا نازانن من و باوباپیرانم چیمان بەسەر هەموو گەلانی خاکەکانی دیکەدا هێناوە؟ ئایا خوداوەندەکانی نەتەوەکانی ئەو خاکانە توانییان خاکەکانیان لە دەست من دەرباز بکەن؟ کام لە هەموو خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانەی کە باوباپیرانم قڕیان کردن، توانی گەلەکەی لە دەستی من ڕزگار بکات؟ چۆن خوداکەتان دەتوانێت لە دەستی من دەربازتان بکات؟ ئێستا با حەزقیا هەڵتاننەخەڵەتێنێت و بەم شێوەیە فریوتان نەدات. بڕوای پێ مەکەن، چونکە خوداوەندی هیچ نەتەوەیەک و هیچ پاشایەتییەک نەیتوانیوە گەلەکەی لە دەستی من و لە دەستی باوباپیرانم دەرباز بکات. ئیتر چۆن خوداوەندەکەتان دەتوانێت لە دەستم ڕزگارتان بکات؟»