دووەم پوختەی مێژوو 1:26-15
دووەم پوختەی مێژوو 1:26-15 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئینجا هەموو گەلی یەهودا عوزیای گەنجی شازدە ساڵانیان برد و لە جێی ئەمەسیای باوکی کردیانە پاشا. ئەو ئێلەتی بنیاد نایەوە و بۆ یەهودای گەڕاندەوە، پاش ئەوەی ئەمەسیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە. عوزیا گەنجێکی شازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی یەخۆلیاهو بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو. بە هەمان شێوەی ئەمەسیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی. عوزیا لە سەردەمی زەکەریای پێغەمبەر ڕووی لە خودا دەکرد کە فێری لەخواترسی دەکرد. هەموو ئەو ڕۆژانەی ڕووی لە یەزدان دەکرد، خودا سەرکەوتووی کرد. لە دژی فەلەستییەکان جەنگی بەرپا کرد، شووراکانی گەت و یەڤنێ و ئەشدۆدی ڕووخاند. لە دەوروبەری ئەشدۆد و لە چەند شوێنێکی دیکە لەنێو فەلەستییەکان چەند شارۆچکەیەکی بنیاد ناوە. خوداش لە شەڕی دژی فەلەستییەکان و عەرەبەکانی گور بەعل و مەعونییەکان یارمەتی دا. عەمۆنییەکانیش سەرانەیان بۆ عوزیا هێنا و ناوبانگی هەتا دەروازەی میسر بڵاو بووەوە، چونکە زۆر بەهێز بوو. عوزیا چەند قوللەیەکی لە ئۆرشەلیم لەسەر دەروازەی گۆشەکە و دەروازەی دۆڵەکە و لەلای گۆشەکەوە بنیاد نا و قاییمی کردن. هەروەها چەند قوللەیەکی لە چۆڵەوانیدا بنیاد نا و ئەمباراوی زۆریشی لێدا، چونکە مەڕوماڵاتێکی زۆری لە زوورگ و لە دەشت هەبوو، هەروەها جوتیار و ڕەزەوانی زۆریشی لە چیا و لە باخدا هەبوو، چونکە زۆر حەزی لە کشتوکاڵ بوو. عوزیا سوپایەکی مەشقپێکراوی هەبوو، بەگوێرەی ژمارەیان بە تیپی ڕێکخراو بەڕێ دەکەوتن. ئەمەش بەگوێرەی سەرژمێرییان لەلایەن یەعیێلی خامەی نهێنی و مەعسێیاهوی فەرماندە، لەژێر سەرپەرشتی حەنەنیا بوو کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی پاشا. کۆی ژمارەی گەورەی بنەماڵەکان، لە پاڵەوانە ئازاکان، دوو هەزار و شەش سەد کەس بوو، سوپایەکی سێ سەد و حەوت هەزار و پێنج سەد سەربازی مەشقپێکراوی هەبوو کە زۆر بە قارەمانانە دەجەنگان بۆ یارمەتیدانی پاشا بەسەر دوژمنەکانیدا. هەروەها عوزیا بۆ هەموو سەربازەکان قەڵغان، ڕم، کڵاوی ئاسنی، زرێ، کەوان و بەردی قۆچەقانی بۆ دابین کردن. لە ئۆرشەلیم مەنجەنیقی دروستکرد کە داهێنانی پیشەوەرە شارەزاکان بوو، بۆ ئەوەی لەسەر قوللەکان و لەسەر گۆشەی شووراکان بن بۆ هاویشتنی تیر و بەردی گەورە. بەو شێوەیە ناوبانگی گەیشتە شوێنە دوورەکان، چونکە سەرسوڕهێنەرانە یارمەتی درا هەتا بەهێز بوو.