لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم پوختەی مێژوو 7:17-19

دووەم پوختەی مێژوو 7:17-19 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

یەهۆشافات لە سێیەم ساڵی پاشایەتییەکەی بەن‌حەیل، عۆبەدیا، زەکەریا، نەتەنێل و میخایوی کاربەدەستەکانی خۆی ناردە شارۆچکەکانی یەهودا بۆ ئەوەی دانیشتووانەکانیان فێربکەن. ژمارەیەک لێڤییان لەگەڵ بوون، شەمەعیا، نەتەنیاهۆ، زەڤەدیا، عەساهێل، شەمیرامۆت، یەهۆناتان، ئەدۆنیا، تۆڤییاهو و تۆڤ ئەدۆنیا، هەروەها ئەلیشاماع و یەهۆرام کە هەردووکیان کاهین بوون. بەناو هەموو شارەکانی یەهودا دەگەڕان، پەڕتووکی تەوراتی یەزدانیان پێبوو و خەڵکیان فێردەکرد. ترسی یەزدان باڵی بەسەر هەموو پاشایەتییەکانی خاکەکانی دەوروبەری یەهودا کێشا، ئیتر لە دژی یەهۆشافات نەجەنگان. هەندێک لە فەلەستییەکانیش دیاری و زیویان وەک سەرانە بۆ یەهۆشافات هێنا، هەروەها عەرەبەکانیش مەڕوماڵاتیان بۆ هێنا، حەوت هەزار و حەوت سەد بەران و حەوت هەزار و حەوت سەد تەگە. یەهۆشافات هەتا دەهات مەزن و مەزنتر دەبوو. لە یەهودا قەڵا و کۆگاکانی بنیاد نا، لە شارۆچکەکانی یەهوداش ئازووقەی زۆری هەبوو، لە ئۆرشەلیم جەنگاوەری پاڵەوان و بەهێز هەبوو. ئەمەش سەرژمێرییانە بەپێی بنەماڵەکان: لە یەهودا، فەرماندەکانی یەکەی هەزاران: عەدنا فەرماندە بوو و سێ سەد یەکەی پاڵەوانی بەهێزی لەگەڵ بوو؛ لەپاش ئەو یەهۆحانان فەرماندە بوو کە دوو سەد و هەشتا یەکەی لەگەڵ بوو؛ لەپاش ئەویش عەمەسیای کوڕی زکری بوو، کە خۆی بەخشیبوو بە یەزدان، دوو سەد یەکەی پاڵەوانی بەهێزی لەگەڵ بوو. لە بنیامین: پاڵەوانی بەهێز، ئەلیاداع، دوو سەد یەکەی چەکداری بە کەوان و قەڵغانەوە لەگەڵدا بوو؛ لەپاش ئەویش، یەهۆزاڤاد سەد و هەشتا یەکەی پیاوی پڕچەککراوی بۆ جەنگ لەگەڵ بوو. ئەمانە خزمەتکارەکانی پاشا بوون، جگە لەوانەی پاشا لەناو شارە قەڵابەندەکان لە هەموو یەهودا داینان.