دووەم پوختەی مێژوو 1:16-9
دووەم پوختەی مێژوو 1:16-9 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
لە سی و شەشەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا، بەعشای پاشای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر یەهودا و شارۆچکەی ڕامەی کردە شارێکی قەڵابەند، بۆ ئەوەی لە سنووری ئاسای پاشای یەهودا ڕێی هاتوچۆکردن بگرێت. ئاساش زێڕ و زیوی لە گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشادا دەرهێنا و ناردی بۆ بەنهەدەدی پاشای ئارام کە لە دیمەشق دادەنیشت و گوتی: «با پەیمانێک لەنێوان من و تۆدا هەبێت وەک ئەوەی لەنێوان باوکم و باوکتدا هەبوو. من وا زێڕ و زیوم بۆ ناردوویت، ئێستا وەرە پەیمانەکەت لەگەڵ بەعشای پاشای ئیسرائیل هەڵوەشێنەوە، هەتا لەلای من بکشێتەوە.» بەنهەدەدیش بە قسەی ئاسا پاشای کرد، سەرکردەکانی سوپاکەی ناردە سەر شارۆچکەکانی ئیسرائیل، عییۆن و دان و ئابێل مایم و هەموو کۆگاکانی نەفتالی گرت. کاتێک بەعشا ئەمەی بیستەوە، دەستی لە بنیادنانی ڕامە هەڵگرت و کارەکەی بەجێهێشت. ئاسای پاشاش هەموو پیاوانی یەهودای هێنا، ئەو بەرد و دارانەی هەڵگرت کە بەعشا لە شارۆچکەی ڕامە بەکاریهێنابوون، گەڤەع و میچپای پێ ئاوەدان کردەوە. لەو کاتەدا حەنانی پێشبینیکەر هات بۆ لای ئاسای پاشای یەهودا و پێی گوت: «سوپای پاشای ئارام لە دەستت دەرباز بوو، لەبەر ئەوەی پشتت بە پاشای ئارام بەست و پشتت بە یەزدان خودات نەبەست. ئایا کوشییەکان و لیبییەکان سوپایەکی زۆر نەبوون بە گالیسکە و ئەسپ سواری یەک جار زۆرەوە؟ بەڵام کاتێک کە پشتت بە یەزدان بەست ئەوانی دا بە دەستتەوە، چونکە چاوەکانی یەزدان چاودێرن بەسەر هەموو زەویدا، بۆ ئەوەی ئەوانە بەهێز بکات کە بە هەموو دڵیانەوە لەگەڵیدان. تۆ بە گێلی ڕەفتارت کرد، لە ئەمڕۆ بە دواوە هەمیشە لە جەنگدا دەبیت.»