لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم تیمۆساوس 1:3-16

یەکەم تیمۆساوس 1:3-16 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌م وشه‌یه‌ ڕاسته‌: ئه‌گه‌ر یه‌كێک چاودێریی ویست، حه‌زی له‌ چاكه‌كارییه‌. چاودێر ده‌بێت گله‌یی له‌سه‌ر نه‌بێت، مێردی یه‌ک ژن بێت، وریا، ژیر و به‌ ڕێز، میواندار بێت، بتوانێت خه‌ڵک فێربكات، سه‌رخۆش و شه‌ڕفرۆش نه‌بێت، چڵێسیی قازانجی به‌د نه‌بێت، به‌ڵكو دڵنه‌رم بێت، ناكۆكی نه‌كات، حه‌زی له‌ پاره‌ نه‌بێت. خێزانه‌كه‌ی باش به‌ڕێوه‌ ببات، منداڵه‌كانی به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه‌ ملكه‌چ بن، ئه‌گه‌ر كه‌سێک نه‌زانێت خێزانه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ ببات، چۆن چاودێری وارگه‌ی خودا ده‌كات؟ تازه‌ نه‌بێت له‌ باوه‌ڕ، نه‌وه‌ک لووتبه‌رز بێت و بكه‌وێته‌ سزای ئیبلیسه‌وه‌. ده‌بێت ناوبانگی باش بێت له‌لای ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ن، نه‌وه‌ک قسه‌ی بێته‌ سه‌ر و بكه‌وێته‌ نێو داوی ئیبلیس. ڕاژه‌وانانیش ده‌بێت ڕێزدار بن، دوو زمان نه‌بن، مه‌ی زۆر نه‌خۆنه‌وه‌، چڵێسیی قازانجی به‌د نه‌بن، به‌ ویژدانێكی بێگه‌رد نهێنیی باوه‌ڕ بپارێزن. با یه‌كه‌مجار تاقی بكرێنه‌وه‌، كه‌ بێ گله‌یی بوون، با وه‌ک ڕاژه‌وان ڕاژه‌ بكه‌ن. ژنه‌كانیش ده‌بێت ڕێزدار بن، بوختانكه‌ر نه‌بن، وریابن، له‌ هه‌موو شتێكدا ده‌ستپاک بن. با ڕاژه‌وان مێردی یه‌ک ژن بێت، ماڵ و منداڵیان باش به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی باش ڕاژه‌یان كردووه‌، پله‌یه‌كی باش و متمانه‌یه‌كی زۆر له‌ باوه‌ڕیان به‌ ئیشۆعی مه‌سیح به‌ده‌ست ده‌هێنن. هه‌رچه‌نده‌ هیوادارم زوو بێمه‌ لات، ئه‌مانه‌ت بۆ ده‌نووسم، تاكو، ئه‌گه‌ر دواكه‌وتم، بزانی له‌ ماڵی خودا خه‌ڵک چۆن ڕه‌فتار بكه‌ن، ئه‌وه‌ی وارگه‌ی خودای زیندووه‌، كۆڵه‌گه و بناغه‌ی ڕه‌وا. به‌ دانپیانانی گشتی، نهێنیی خوداناسی مه‌زنه‌: خودا له‌ له‌شدا ده‌ركه‌وت، له‌ ڕووحدا پاكانه‌ی كرا، له‌لایه‌ن فریشته‌كانه‌وه‌ بینرا، له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان ڕاگه‌یه‌ندرا، له‌ جیهاندا باوه‌ڕی پێ هێنرا، له‌ شكۆمه‌ندی به‌رزكرایه‌وه‌.

یەکەم تیمۆساوس 1:3-16 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەم قسەیە ڕاستە: ئەگەر یەکێک چاوی لە چاودێری بێت، حەزی لە چاکەکارییە. چاودێر دەبێت گلەیی لەسەر نەبێت، مێردی یەک ژن بێت، وریا و ژیر و بەڕێز و میوان دۆست بێت، بتوانێت خەڵک فێربکات، سەرخۆش و توندوتیژ نەبێت، بەڵکو دڵنەرم بێت، شەڕفرۆش نەبێت، حەزی لە پارە نەبێت. خێزانەکەی باش بەڕێوە ببات، منداڵەکانی بەوپەڕی ڕێزەوە ملکەچ بن. ئەگەر کەسێک نەزانێت خێزانەکەی بەڕێوە ببات، چۆن چاودێری کڵێسای خودا دەکات؟ تازە نەبێت لە باوەڕ، نەوەک لووتبەرز بێت و هەمان سزای شەیتانی بەسەردا بدرێت. دەبێت ناوبانگی باش بێت لەلای ئەوانەی لە دەرەوەن، نەوەک قسەی بێتە سەر و بکەوێتە بەر داوی شەیتان. خزمەتکارانیش دەبێت بەڕێز بن، دوو زمان نەبن، شەراب زۆر نەخۆنەوە، چاویان لە دەستکەوتی ناڕەوا نەبێت، بە ویژدانێکی پاک دەست بە ڕاستییە قووڵەکانی باوەڕەکەوە بگرن. با یەکەم جار تاقی بکرێنەوە، کە بێ گلەیی بوون، با وەک خزمەتکار خزمەت بکەن. ژنەکانیش دەبێت بەڕێز بن، بوختانکەر نەبن، وریا بن، لە هەموو شتێکدا دڵسۆز بن. با خزمەتکار مێردی یەک ژن بێت و ماڵ و منداڵی باش بەڕێوە ببات. ئەوانەی باش خزمەتیان کردووە، پلەیەکی باش و متمانەیەکی زۆر لە باوەڕیان بە عیسای مەسیح بەدەستدەهێنن. هەرچەندە هیوادارم زوو بێمە لات، بەڵام ئەمانەت بۆ دەنووسم، تاکو ئەگەر من لە هاتنم دواکەوتم، تۆ بزانی خەڵک چۆن لە ماڵی خودا ڕەفتار بکەن، کە کڵێسای خودای زیندووە و کۆڵەکە و بناغەی ڕاستییە. بێگومان نهێنی لەخواترسی گەورەیە، کە ئەمەیە: «ئەو لە جەستەدا دەرکەوت، لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە پاکانەی بۆ کرا، لەلایەن فریشتەکانەوە بینرا، لەنێو نەتەوەکان جاڕی بۆ درا، لە جیهاندا باوەڕی پێ هێنرا و لە شکۆمەندیدا بەرزکرایەوە.»