لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم ساموئێل 25:2-35

یەکەم ساموئێل 25:2-35 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەگەر کەسێک دەرهەق بە کەسێک گوناه بکات، خودا ناوبژیوانی دەکات، بەڵام ئەگەر کەسێک دەرهەق بە یەزدان گوناه بکات، کێ داکۆکیی لێ دەکات؟» بەڵام گوێیان لە قسەی باوکیان نەگرت، چونکە یەزدان خوازیار بوو بیانمرێنێت. بەڵام ساموئێلی منداڵ بەردەوام بوو لە گەشەکردن، یەزدان و خەڵکیش زیاتر لێی ڕازی دەبوون. ئینجا پیاوێکی خودا هات بۆ لای عێلی و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئایا من بە ئاشکرا خۆمم بۆ ماڵی باوکت دەرنەخست، کاتێک لە میسر لە ماڵی فیرعەون بوون؟ لەنێو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا هەڵمبژارد بۆ ئەوەی ببێت بە کاهینم، سەربکەوێت بۆ سەر قوربانگاکەم، بخوورم بۆ بسووتێنێت و لەبەردەممدا ئێفۆد لەبەر بکات. من هەموو قوربانییە بە ئاگرەکانی نەوەی ئیسرائیلم بە ماڵی باوکت دا. ئیتر بۆچی سووکایەتی بە قوربانی و پێشکەشکراوەکەم دەکەن، ئەوەی لە نشینگەکەدا فەرمانم پێی کردووە؟ بۆچی لە من زیاتر ڕێز لە کوڕەکانت دەگریت، بە یەکەم بەری هەموو پێشکەشکراوەکانی ئیسرائیلی گەلەکەم خۆتان قەڵەو دەکەن؟“ «لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: ”بێگومان من فەرمووم، ماڵی تۆ و ماڵی باوکت هەتاهەتایە لەبەردەمم هاتوچۆ دەکەن،“ بەڵام ئێستا یەزدان دەفەرموێت: ”لە من بەدوور بێت! ئەوەی ڕێزم بگرێت ڕێزداری دەکەم، ئەوانەی سووکایەتیم پێ بکەن سووک دەبن. ڕۆژێک دێت هێزی بازووی خۆت و هێزی بازووی ماڵی باوکت لەناودەبەم، لە بنەماڵەکەتدا کەس ناگاتە تەمەنی پیری. تەنگانە لە نشینگەکەم دەبینیت، سەرەڕای ئەو چاکەیەی بۆ ئیسرائیلی دەبێت، هەتاهەتایە لە بنەماڵەکەتدا کەس ناگاتە تەمەنی پیری. هەر یەکێک لە ئێوە کە لە قوربانگاکەی خۆم نەیبڕمەوە ئەوە بۆ کوێرایی هاتن بۆ چاوەکانت و داخبوونی دڵتە، هەموو وەچەی ماڵەکەت لە گەنجیێتیدا دەمرن. «”ئەمەش نیشانەیە بۆت، بەسەر دوو کوڕەکەتدا دێت، بەسەر حۆفنی و فینەحاس، لە یەک ڕۆژدا هەردووکیان دەمرن. کاهینێکی دڵسۆز بۆ خۆم دادەنێم کە ئەوەی لە دڵ و دەروونمدایە بیکات و ماڵێکی ئاسوودەی بۆ بنیاد دەنێم و لەبەردەم دەستنیشانکراوەکەم بە درێژایی ڕۆژان هاتوچۆ دەکات.