لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم یۆحەنا 7:4-21

یەکەم یۆحەنا 7:4-21 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

خۆشه‌ویستان، با یه‌كتریمان خۆشبووێ، چونكه‌ خۆشویستن له‌ خوداوه‌یه‌ و هه‌ر كه‌سێک خۆشویستنی هه‌بێت له‌ خوداوه‌ له‌دایكبووه‌ و خودا ده‌ناسێت. ئه‌وه‌ی خۆشویستنی نه‌بێت خودای نه‌ناسیوه‌، چونكه‌ خودا خۆشویستنه‌. به‌مه‌ خۆشویستنی خودا له‌نێوانماندا ده‌ركه‌وت: خودا ڕۆڵه‌ تاقانه‌كه‌ی نارده‌ جیهان تاكو به‌هۆیه‌وه‌ بژین. خۆشویستن له‌مه‌دایه‌: نه‌ک ئێمه‌ خودامان خۆشویست، به‌ڵكو ئه‌و خۆشیویستین و ڕۆڵه‌كه‌ی بۆ پۆشینی گوناهه‌كانمان نارد. خۆشه‌ویستان، ئه‌گه‌ر خودا ئاوا خۆشیویستین، پێویسته‌ ئێمه‌ش یه‌كتریمان خۆشبووێ. هه‌رگیز كه‌س خودای نه‌بینیوه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كتریمان خۆشبووێ، خودا له‌ نێوماندا جێگیر ده‌بێت و خۆشویستنه‌كه‌ی له‌ نێوماندا ته‌واوه‌. به‌مه‌ ده‌زانین له‌ ئه‌ودا جێگیر ده‌بین و ئه‌ویش له‌ ئێمه‌: چونكه‌ ئه‌و له‌ ڕووحی خۆی پێیداوین. ئێمه‌ش بینیمان و گه‌واهیی ده‌ده‌ین، كه‌وا باوک ڕۆڵه‌ی وه‌ک ڕزگاریده‌ری جیهان ناردووه‌. ئه‌وه‌ی دان بنێت كه‌وا ئیشۆع ڕۆڵه‌ی خودایه‌، خودا له‌ودا جێگیر ده‌بێت و ئه‌ویش له‌ خودا. ئێمه‌ش ئه‌و خۆشویستنه‌ی خودا كه‌ بۆ ئێمه‌یه‌ ناسیمان و بڕوامان پێكرد. خودا خۆشویستنه‌. ئه‌وه‌ی له‌ خۆشویستندا جێگیر بێت له‌ خودا جێگیر ده‌بێت و خوداش له‌ودایه‌. به‌مه‌ خۆشویستن له‌گه‌ڵمان ته‌واو ده‌كرێت: كه‌ له‌ ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌دا دڵنیا بین، چونكه‌ ئێمه‌ش له‌م جیهانه‌دا وه‌كو ئه‌و ده‌بین. خۆشویستن ترسی تێدا نییه‌، به‌ڵكو خۆشویستنی ته‌واو ترس ده‌رده‌كاته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ ترس له‌ سزاوه‌ دێت. ئه‌وه‌ی بترسێت له‌ خۆشویستندا ته‌واو نه‌بووه‌. خۆشمانده‌وێت، چونكه‌ یه‌كه‌مجار ئه‌و خۆشیویستووین. ئه‌گه‌ر یه‌كێک وتی: “خودام خۆشده‌وێت” و ڕقی له‌ براكه‌ی بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ درۆزنه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی برای خۆی خۆشنه‌وێت كه‌ بینیویه‌تی، چۆن ده‌توانێت خودای خۆشبووێ كه‌ نه‌یبینیوه‌؟ له‌ ئه‌وه‌وه‌ ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌مان دراوه‌تێ: ئه‌وه‌ی خودای خۆشبووێ، با براكه‌شی خۆشبووێ.

یەکەم یۆحەنا 7:4-21 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

خۆشەویستان، با یەکتریمان خۆشبوێ، چونکە خۆشەویستی لە خوداوەیە و ئەوەی کەسانی دیکەی خۆشدەوێت لە خوداوە لەدایک بووە و خودا دەناسێت. ئەوەی کەسانی دیکەی خۆشنەوێت خودای نەناسیوە، چونکە خودا خۆشەویستییە. بەم شێوەیە خۆشەویستی خودا لەنێوانماندا دەرکەوت: خودا کوڕە تاقانەکەی خۆی ناردە جیهان تاکو بەهۆیەوە بژین. خۆشەویستی لەمەدایە: نەک ئێمە خودامان خۆشویست، بەڵکو ئەو خۆشیویستین و کوڕەکەی بۆ کەفارەتی گوناهەکانمان نارد. خۆشەویستان، ئەگەر خودا بەم شێوەیە خۆشیویستین، پێویستە لەسەرمان یەکتریمان خۆشبوێ. هەرگیز کەس خودای نەبینیوە. ئەگەر یەکتریمان خۆشبوێ، ئەوا بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژین و خۆشەویستییەکەی لە ناخماندا تەواوە. بەمەدا دەزانین کە ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ خودا دەژین و خوداش بە یەکبوون لەگەڵ ئێمە دەژیێت: ئەو لە ڕۆحی خۆی پێداوین. ئێمەش بینیمان و شایەتی دەدەین کە باوک کوڕی خۆی ناردووە بۆ ئەوەی ببێتە ڕزگارکەری جیهان. هەرکەسێک دانی پێدا بنێت کە عیسا کوڕی خودایە، ئەوا خودا بە یەکگرتوویی لەگەڵ ئەو کەسەدا دەژیێت، ئەویش بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژیێت. ئێمەش ئەو خۆشەویستییەی خودا کە بۆ ئێمەیە ناسیمان و باوەڕمان پێکرد. خودا خۆشەویستییە. ئەوەی لە خۆشەویستیدا دەژیێت، ئەوا بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژیێت، خوداش بە هەمان شێوە لەگەڵ ئەودا دەژیێت. بەم شێوەیە خۆشەویستی لە نێوماندا گەیشتووەتە تەواوەتی تاکو لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا دڵنیا بین، چونکە ئێمەش لەم جیهانەدا وەک عیسا دەبین. خۆشەویستی ترسی تێدا نییە، بەڵکو خۆشەویستی تەواو ترس دەردەکاتە دەرەوە، چونکە ترس لە سزاوە دێت. ئەوەی بترسێت لە خۆشەویستیدا تەواو نەبووە. خۆشماندەوێت، چونکە یەکەم جار ئەو خۆشیویستووین. ئەگەر یەکێک گوتی: «خودام خۆشدەوێت» و ڕقی لە خوشکی یان براکەی بێتەوە، ئەوە درۆزنە، چونکە ئەوەی خوشک و برای خۆی خۆشنەوێت کە بینیویەتی، ناتوانێت خودای خۆشبوێ کە نەیبینیوە. لە ئەوەوە ئەم ڕاسپاردەیەمان دراوەتێ: ئەوەی خودای خۆشبوێ، با خوشکەکە و براکەشی خۆشبوێ.