لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 25:7-35

یەکەم کۆرنسۆس 25:7-35 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ده‌رباره‌ی كچان و كوڕان، فه‌رمانێكی په‌روه‌ردگارم نییه‌، به‌ڵام بۆچوونێك ده‌ده‌م وه‌ك یه‌كێك په‌روه‌ردگار به‌زه‌یی پێدا هاتبێته‌وه‌ كه‌وا جێی متمانه‌ بێت. وابزانم، له‌به‌ر ئه‌م ته‌نگانه‌یه‌ی ئێستا، باشه‌ بۆ مرۆڤ ئاوا بمێنێته‌وه‌. ئایا تۆ به‌ ژنه‌وه‌ به‌ستراویته‌وه‌؟ داوای جیا بوونه‌وه‌ مه‌كه‌. ئایا تۆ به‌ ژن نه‌به‌ستراویته‌وه‌؟ داوای ژن مه‌كه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژن بهێنیت هه‌ڵه‌ت نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر پاكیزه‌ش مێرد بكات هه‌ڵه‌ی نه‌كردووه‌. به‌ڵام ئه‌وانه‌ له‌م ژیانه‌ تووشی ماندووێتی ده‌بن، جا من ده‌مه‌وێ تووشتان نه‌كه‌م. خوشكان، برایان، ئه‌مه‌ ده‌ڵێم: له‌ئێستاوه‌ كاته‌كه‌ كورت كراوه‌ته‌وه‌، تاكو ئه‌وه‌ی ژنی هه‌یه‌ وه‌ك نه‌یبێت، ئه‌وانه‌ی ده‌گریێن وه‌ك نه‌گریێن، ئه‌وانه‌ی شادن وه‌ك شاد نه‌بن، ئه‌وانه‌ی ده‌كڕن وه‌ك موڵكیان نه‌بێت، ئه‌وانه‌ی جیهان به‌كارده‌هێنن وه‌ك هه‌ر به‌كاری نه‌هێنن، چونكه‌ وێنه‌ی ئه‌م جیهانه‌ ڕووه‌و نه‌مانه‌. جا ده‌مه‌وێ ئێوه‌ بێ خه‌م بن. ئه‌وه‌ی ژنی نه‌هێناوه‌ بایه‌خ به‌ كاروباری په‌روه‌ردگار ده‌دات، چۆن په‌روه‌ردگار ڕازی بكات. به‌ڵام هاوسه‌ردار بایه‌خ به‌ كاروباری جیهان ده‌دات، چۆن ژنه‌كه‌ی ڕازی بكات، جیاوازی هه‌یه‌ نێوان ژنی بێ مێرد و پاكیزه‌: چونكه‌ پاكیزه‌ گرنگی به‌ كاروباری په‌روه‌ردگار ده‌دات، تاكو له‌ش و ڕووحی پارسا بێت. به‌ڵام شووكردوو بایه‌خ به‌ كاروباری جیهان ده‌دات، چۆن مێرده‌كه‌ی ڕازی بكات. ئه‌مه‌ بۆ چاكه‌تان ده‌ڵێم، نه‌ك تووشی كۆتێكتان بكه‌م، به‌ڵكو بۆ ڕێز و ته‌رخانكراوییه‌ بۆ په‌روه‌ردگار، بێ په‌شێوی.

یەکەم کۆرنسۆس 25:7-35 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

دەربارەی کچان و کوڕان، هیچ فەرمانێکم لە مەسیحی باڵادەستەوە نییە، بەڵام من بۆچوونی خۆمتان پێ دەڵێم وەک یەکێک یەزدان بەزەیی پێدا هاتبێتەوە کە جێی متمانە بێت. وابزانم، لەبەر ئەم تەنگانەیەی ئێستا، باشە بۆ مرۆڤ ئاوا بمێنێتەوە. ئایا تۆ بە ژنەوە بەستراویتەوە؟ داوای جیابوونەوە مەکە. ئایا تۆ بە ژنەوە نەبەستراویتەوە؟ داوای ژن مەکە. بەڵام ئەگەر ژن بهێنیت گوناهت نەکردووە، ئەگەر پاکیزەش مێرد بکات گوناهی نەکردووە. بەڵام ئەوانە لەم ژیانەدا تووشی کێشە و گرفت دەبن، جا من دەمەوێ تووشتان نەکەم. خوشکان، برایان، ئەمە دەڵێم: کاتمان کەمە، لەمەودوا ئەوانەی ژنیان هەیە دەبێت بە جۆرێک بژین وەکو ئەوەی کە نەیانبێت، ئەوانەی دەگریێن وەک نەگریێن، ئەوانەی شادن وەک شاد نەبن، ئەوانەی دەکڕن وەک موڵکیان نەبێت، ئەوانەی جیهان بەکاردەهێنن وەک هەر بەکارینەهێنن، چونکە وێنەی ئەم جیهانە ڕووەو نەمانە. جا دەمەوێ ئێوە بێ خەم بن. ئەوەی ژنی نەهێناوە بایەخ بە کاروباری پەروەردگار دەدات، چۆن پەروەردگار ڕازی بکات. بەڵام هاوسەردار بایەخ بە کاروباری جیهان دەدات، چۆن ژنەکەی ڕازی بکات. ئەو کابرایە دڵی بەشکراوە. ژنی بێ مێرد و پاکیزە گرنگی بە کاروباری پەروەردگار دەدەن، چۆن دەتوانێت جەستە و ڕۆحی خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات. بەڵام شووکردوو بایەخ بە کاروباری جیهان دەدات، چۆن مێرد ڕازی بکات. ئەمە بۆ چاکەتان دەڵێم، نەک تووشی کۆتێکتان بکەم، بەڵکو بۆ ڕێز و تەرخانکراوییە بۆ مەسیحی خاوەن شکۆ، بێ پەشێوی.