لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 10:3-23

یەکەم کۆرنسۆس 10:3-23 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌خششه‌ی خودا پێیداوم، وه‌ك ئه‌ندازیارێكی دانا بناغه‌م دانا و یه‌كێكی دیكه‌ له‌سه‌ری بنیاد ده‌نێت. به‌ڵام با هه‌ریه‌كه‌ ئاگادار بێت چۆن له‌سه‌ری بنیاد ده‌نێت. چونكه‌ كه‌س ناتوانێت بناغه‌یه‌كی دیكه‌ دابنێت له‌ پاڵ ئه‌وه‌ی دانراوه‌، كه‌ ئیشۆعی مه‌سیحه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ زێڕ، زیو، به‌ردی گرانبه‌ها، دار، پووش یان كا، بنیاد بنێت، ئه‌وا كاری هه‌ر یه‌كێك ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه‌ ڕۆژ ئاشكرای ده‌كات، چونكه‌ به‌ ئاگر ئاشكرا ده‌كرێت و ئاگر تاقی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كاری هه‌ر یه‌كێك چۆنه‌. ئه‌گه‌ر كاری یه‌كێك بمێنێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ری بنیادی ناوه‌، ئه‌وا پاداشت وه‌رده‌گرێت. ئه‌گه‌ر كاری یه‌كێك سووتا ئه‌وا زیانی پێده‌گات، به‌ڵام خۆی ڕزگاری ده‌بێت، وه‌ك یه‌كێك له‌ نێو ئاگر هه‌ڵات. ئایا نازانن ئێوه‌ په‌رستگای خودان و ڕووحی خوداتان تێدا نیشته‌جێیه‌؟ ئه‌گه‌ر یه‌كێك په‌رستگای خودا وێران بكات، خودا وێرانی ده‌كات. چونكه‌ په‌رستگای خودا پارسا‌یه‌، ئه‌ویش ئێوه‌ن. با كه‌س خۆی هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێنێت. ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌نێوانتان خۆی به‌ دانای ئه‌م ڕۆژگاره‌ ده‌زانێت، با ببێته‌ گێل تاكو ببێته‌ دانا! چونكه‌ دانایی ئه‌م جیهانه‌ له‌لای خودا گێلایه‌تییه‌، چونكه‌ نووسراوه‌: {ئه‌وه‌ی داناكان به‌ فێڵبازی خۆیانه‌وه‌ ده‌گرێت} . هه‌روه‌ها: {په‌روه‌ردگار بیركردنه‌وه‌ی داناكان ده‌زانێت كه‌ پووچه‌ڵه‌} . كه‌واته‌، با كه‌س شانازی به‌ مرۆڤ نه‌كات! چونكه‌ هه‌موو شتێك هی ئێوه‌یه‌، پۆڵۆس یان ئه‌پۆلۆس یاخود كیپه‌، جیهان یان ژیان یان مه‌رگ، شته‌كانی ئێستا یاخود داهاتوو هه‌موو شتێك هی ئێوه‌یه‌، به‌ڵام ئێوه‌ هی مه‌سیحن، مه‌سیحیش هی خودایه‌.

یەکەم کۆرنسۆس 10:3-23 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بەگوێرەی ئەو نیعمەتەی خودا پێیداوم، وەک ئەندازیارێکی دانا بناغەم داڕشت و یەکێکی دیکە لەسەری بنیاد دەنێت. بەڵام با هەریەکە ئاگاداربێت چۆن لەسەری بنیاد دەنێت. کەس ناتوانێت بناغەیەکی دیکە دابنێت لە پاڵ ئەوەی دانراوە، کە عیسای مەسیحە. بەڵام ئەگەر هەرکەسێک لەسەر ئەو بناغەیە بە زێڕ، زیو، بەردی گرانبەها، دار، پووش یان کا، بنیاد بنێت، کارەکەی دەردەکەوێت، چونکە ڕۆژی لێپرسینەوە ئاشکرای دەکات، لەبەر ئەوەی بە ئاگر ئاشکرا دەکرێت و ئاگر چۆنیەتی کاری هەرکەسێک دەردەخات. ئەگەر کاری یەکێک بمێنێتەوە کە لەسەری بنیادی ناوە، ئەوا پاداشت وەردەگرێت. ئەگەر کاری یەکێک سووتا، ئەوا هەرچەندە بنیادنەرەکە زیانی پێ دەگات، بەڵام ڕزگاری دەبێت، وەک یەکێک لەناو ئاگر هەڵاتبێت. ئایا نازانن ئێوە پەرستگای خودان و ڕۆحی خوداتان تێدا نیشتەجێیە؟ ئەگەر یەکێک پەرستگای خودا وێران بکات، خودا وێرانی دەکات، چونکە پەرستگای خودا پیرۆزە، ئێوە ئەو پەرستگایەن. با کەس خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت. ئەگەر یەکێک لەنێوتان خۆی بە دانای ئەم دنیایە دەزانێت، با ببێتە گێل تاکو بەڕاستی ببێتە دانا. دانایی ئەم جیهانە لەلای خودا گێلایەتییە، لەبەر ئەوەی نووسراوە: ﴿ئەو داناکان بە فێڵبازی خۆیانەوە دەگرێت.﴾ هەروەها: ﴿یەزدان بیرکردنەوەی داناکان دەزانێت کە پووچە.﴾ کەواتە، با کەس شانازی بە مرۆڤەوە نەکات! چونکە هەموو شتێک هی ئێوەیە، پۆڵس یان ئەپۆلۆس یاخود پەترۆس، جیهان یان ژیان یان مردن، شتەکانی ئێستا یاخود داهاتوو، هەموو شتێک هی ئێوەیە، ئێوەش هی مەسیحن، مەسیحیش هی خودایە.