لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 1:3-10

یەکەم کۆرنسۆس 1:3-10 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

برایان، من نه‌متوانی وه‌ك بۆ ڕووحییانی قسه‌تان بۆ بكه‌م، به‌ڵكو وه‌ك بۆ جه‌سته‌ییه‌كان، وه‌ك بۆ ساوایان له‌ مه‌سیحدا. شیرم ده‌رخوارد دان نه‌ك خواردن، چونكه‌ هێشتا تواناتان نه‌بوو، به‌ڵكو ئێستاش تواناتان نییه‌. چونكه‌ هێشتا جه‌سته‌یین. چونكه‌ كه‌ ئیره‌یی و ناكۆكی و دووبه‌ره‌كی له‌نێوانتاندا هه‌بێت، ئایا جه‌سته‌یی نین و ته‌نها وه‌ك ئاده‌میزاد ناژین؟ چونكه‌ كاتێ یه‌كێك ده‌ڵێت: “من هی پۆڵۆسم” ئه‌وی دیكه‌: “من هی ئه‌پۆلۆسم” ئایا هێشتا جه‌سته‌یی نین؟ پۆلۆس كێیه‌؟ ئه‌پۆڵۆس كێیه‌؟ ته‌نها ڕاژه‌وانن، به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ باوه‌ڕتان هێناوه‌ وه‌ك په‌روه‌ردگار به‌ هه‌ر یه‌كێكی داوه‌. من چاندم و ئه‌پۆلۆس ئاوی دا، به‌ڵام خودا بوو گه‌شه‌ی پێكرد. ئیتر نه‌ چێنه‌ر شتێكه‌ و نه‌ ئاودێر، به‌ڵكو خودا كه‌ گه‌شه‌ی پێ ده‌كات. چێنه‌ر و ئاودێر یه‌كن، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌ به‌گوێره‌ی ماندووبوونی خۆی كرێی خۆی وه‌رده‌گرێت. جا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خودا كار ده‌كه‌ین، ئێوه‌ش كێڵگه‌ی خودا و خانووی خودان. به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌خششه‌ی خودا پێیداوم، وه‌ك ئه‌ندازیارێكی دانا بناغه‌م دانا و یه‌كێكی دیكه‌ له‌سه‌ری بنیاد ده‌نێت. به‌ڵام با هه‌ریه‌كه‌ ئاگادار بێت چۆن له‌سه‌ری بنیاد ده‌نێت.

یەکەم کۆرنسۆس 1:3-10 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

خوشکان، برایان، کاتێک من قسەم لەگەڵ کردن، نەمتوانی ئێوە وەک ئەوانە دابنێم کە بە ڕێنمایی ڕۆحی پیرۆز دەژین، بەڵکو وەک ئەوانەی کە هێشتا دنیایین، هەروەک منداڵی ساوا بن لە ‏خانەوادەی مەسیحدا. شیرم پێداون نەک خواردن، چونکە هێشتا نەتاندەتوانی، ئێستاش ناتوانن. ئێوە هێشتا دنیایین. کە ئیرەیی و ناکۆکی لەنێوانتاندا هەبێت، ئایا دنیایی نین و تەنها وەک مرۆڤ ناژین؟ چونکە کاتێک یەکێک دەڵێت: «من هی پۆڵسم»، ئەوی دیکە: «من هی ئەپۆلۆسم»، ئایا وەک خەڵکی دیکە نین؟ ئەپۆلۆس چییە؟ پۆڵس چییە؟ تەنها خزمەتکارن کە لە ڕێگەی ئەوانەوە باوەڕتان هێناوە، هەروەک چۆن مەسیحی خاوەن شکۆ بە هەر یەکێکی داوە. من چاندم و ئەپۆلۆس ئاوی دا، بەڵام خودا بوو گەشەی پێکرد. ئیتر نە تۆوچێن گرنگە و نە ئاودێر، بەڵکو تەنها خودا گرنگە کە گەشەی پێ دەکات. تۆوچێن و ئاودێر یەکن، هەریەکە بەگوێرەی ماندووبوونی خۆی کرێی خۆی وەردەگرێت. جا ئێمە هاوکاری خوداین، ئێوەش کێڵگەی خودا و خانووی خودان. بەگوێرەی ئەو نیعمەتەی خودا پێیداوم، وەک ئەندازیارێکی دانا بناغەم داڕشت و یەکێکی دیکە لەسەری بنیاد دەنێت. بەڵام با هەریەکە ئاگاداربێت چۆن لەسەری بنیاد دەنێت.