لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 1:2-8

یەکەم کۆرنسۆس 1:2-8 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

برایان، منیش كاتێ هاتمه‌ لاتان، به‌ قسه‌ی گه‌وره‌ یان دانایی نه‌هاتم گه‌واهیی خودا ڕابگه‌یه‌نم، چونكه‌ بڕیارم دا له‌نێوتاندا هیچ نه‌زانم، بێجگه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیح، به‌ له‌خاچدراوی. منیش به‌ لاوازی و ترس و له‌رزێكی زۆره‌وه‌ له‌لاتان بووم. وته‌ و موژده‌دانم به‌ قسه‌ی دانایی مرۆڤ و ڕازیكردن نه‌بوو، به‌ڵكو به‌ به‌ڵگه‌ی ڕووح و هێز، تاكو باوه‌ڕتان به‌ دانایی مرۆڤ نه‌بێت، به‌ڵكو به‌ هێزی خودا بێت. ئێمه‌ له‌نێو پێگه‌یشتووان به‌ دانایی ده‌دوێین، به‌ڵام داناییه‌ك نه‌ له‌م ڕۆژگاره‌یه‌ و نه‌ له‌ سه‌رۆكه‌كانی ئه‌م ڕۆژگاره‌یه‌، كه‌ له‌ناوده‌چن. به‌ڵكو باسی دانایی خودا ده‌كه‌ین كه‌ نهێنییه‌: دانایی شاراوه‌، ئه‌وه‌ی خودا له‌پێش ڕۆژگاره‌وه‌ بۆ شكۆی ئێمه‌ی داناوه‌. هیچ سه‌رۆكێكی ئه‌م ڕۆژگاره‌ نه‌یانده‌زانی، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بیانزانایه‌، په‌روه‌ردگاری شكۆمه‌ندیان له‌خاچ نه‌ده‌دا.

یەکەم کۆرنسۆس 1:2-8 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی خوشک و برایان، منیش کاتێک هاتمە لاتان، بە قسەی گەورە یان دانایی نەهاتم شایەتی خودا ڕابگەیەنم، چونکە بڕیارم دا لەنێوتاندا هەموو شتێک لەبیر بکەم، بێجگە لە عیسای مەسیح، ئەویش بە لە خاچ دراوی. منیش بە لاوازی و ترس و لەرزێکی زۆرەوە لەلاتان بووم. کاتێک مزگێنی و وتارم پێدەدان، قسەی داناییانە و قایلکەرم بەکارنەدەهێنا، بەڵکو پشتم بە بەڵگەی هێزی ڕۆحی پیرۆز دەبەست، تاکو باوەڕتان بە دانایی مرۆڤ نەبێت، بەڵکو باوەڕتان بە هێزی خودا هەبێت. ئێمە لەنێو پێگەیشتوواندا بە دانایی دەدوێین، داناییەک کە نە لەم دنیایەوەیە و نە لە دەسەڵاتدارانی ئەم دنیایە، کە لەناودەچن. بەڵکو باسی دانایی خودا دەکەین کە نهێنییە، شاراوە بوو، ئەوەی خودا لە ئەزەلەوە بۆ شکۆی ئێمەی داناوە. هیچ کام لە دەسەڵاتدارانی ئەم دنیایە تێنەگەیشتن، چونکە ئەگەر تێبگەیشتنایە، مەسیحی خاوەن شکۆیان لە خاچ نەدەدا.