لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 20:11-34

یەکەم کۆرنسۆس 20:11-34 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

بۆیه‌ كاتێ كۆده‌بنه‌وه‌، بۆ خواردنی شێوی په‌روه‌ردگار نییه‌. چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌ زوو شێوی خۆی له‌ خواردندا ده‌بات، جا یه‌كێك برسی ده‌بێت، ئه‌وی دیكه‌ سه‌رخۆش ده‌بێت. ماڵتان نییه‌ تیایدا بخۆن و بخۆنه‌وه‌؟ یاخود وارگه‌ی خودا سووك ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ن كه‌ نییانه‌؟ چیتان پێ بڵێم؟ ئایا له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ستایشتان بكه‌م؟ بێگومان نه‌خێر! چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ئێوه‌م دا له‌ په‌روه‌ردگارم وه‌رگرتووه‌: ئیشۆعی په‌روه‌ردگار له‌و شه‌وه‌ی تیایدا ڕاده‌ست كرا، نانێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی كرد و له‌تیكرد، فه‌رمووی: “بگرن بخۆن ئه‌مه‌ له‌شی منه‌ كه‌ له‌ پێناوی ئێوه‌ شكاوه‌. ئه‌مه‌ بكه‌ن بۆ یاده‌وه‌ریم”. هه‌روه‌ها جامه‌كه‌ش دوای نانخواردن، فه‌رمووی: “ئه‌م جامه‌ په‌یمانی نوێیه‌ به‌ خوێنی من. هه‌ر جارێك ده‌یخۆنه‌وه‌، ئه‌مه‌ بكه‌ن بۆ یاده‌وه‌ریم”. جا هه‌ر كاتێ له‌م نانه‌تان خوارد و له‌م جامه‌تان خوارده‌وه‌، ئه‌وا مردنی په‌روه‌ردگار ڕاده‌گه‌یێنن، تاكو دێته‌وه‌. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی به‌ شێوازێكی ناشایسته‌ نانه‌كه‌ بخوات یان جامی په‌روه‌ردگار بخواته‌وه‌، ئه‌وا له‌ له‌ش و خوێنی په‌روه‌ردگار تاوانباره‌. به‌ڵام با مرۆڤ خۆی بكۆڵێته‌وه‌، ئینجا له‌ نانه‌كه‌ بخوات و له‌ جامه‌كه‌ بخواته‌وه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بخوات و بخواته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی ڕێز له‌ له‌شی مه‌سیح بگرێت، ئه‌وا بۆ خۆی حوكم ده‌خوات و ده‌خواته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ زۆر نه‌خۆش و لاوازتان تێدایه‌، زۆریش نووستوون. چونكه‌ ئه‌گه‌ر خۆمان حوكم بدایه‌، ئه‌وا حوكم نه‌ده‌دراین. به‌ڵام كه‌ په‌روه‌ردگار حوكممان بدات، ئه‌وا ته‌مبێ ده‌كرێین، تاكو له‌گه‌ڵ جیهاندا تاوانبار نه‌كرێین. كه‌واته‌ برایانم، كاتێ بۆ خواردن كۆده‌بنه‌وه‌، چاوه‌ڕێی یه‌كتری بكه‌ن. ئه‌گه‌ر یه‌كێك برسی بوو با له‌ ماڵه‌وه‌ بخوات، نه‌وه‌ك بۆ حوكمدان كۆببنه‌وه‌. كاتێ هاتم، شته‌كانی دیكه‌ش ڕێك ده‌خه‌مه‌وه‌.

یەکەم کۆرنسۆس 20:11-34 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بۆیە کاتێک کۆدەبنەوە، بۆ خواردنی شێوی مەسیحی خاوەن شکۆ نییە، چونکە هەریەکە زوو شێوی خۆی لە خواردندا دەبات، جا یەکێک برسی دەبێت، ئەوی دیکە سەرخۆش دەبێت. ئایا ماڵتان نییە تێیدا بخۆن و بخۆنەوە؟ یاخود کڵێسای خودا سووک دەکەن و ئەوانە تەریق دەکەنەوە کە هەژار و نەدارن؟ چیتان پێ بڵێم؟ ئایا لەسەر ئەمە ستایشتان بکەم؟ بێگومان نەخێر! ئەوەی بە ئێوەم دا لە مەسیحی خاوەن شکۆم وەرگرتووە: ئەوە بوو عیسای خاوەن شکۆ لەو شەوەی تێیدا بە گرتن درا، نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد و فەرمووی: «ئەمە جەستەی منە کە لە پێناوی ئێوەیە. ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.» بە هەمان شێوە پاش نانخواردن، جامەکەی هەڵگرت و فەرمووی: «ئەم جامە پەیمانی نوێیە بە خوێنی من. هەر جارێک دەیخۆنەوە، ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.» جا هەر کاتێک لەم نانەتان خوارد و لەم جامەتان خواردەوە، ئەوا مردنی عیسای خاوەن شکۆ ڕادەگەیەنن، هەتا دێتەوە. کەواتە ئەوەی بە شێوازێکی ناشایستە نانەکە بخوات یان لە جامەکەی مەسیحی خاوەن شکۆ بخواتەوە، ئەوا بەرامبەر بە جەستە و خوێنی مەسیحی خاوەن شکۆ تاوانبارە. با هەرکەسێک خۆی تاقی بکاتەوە، ئینجا لە نانەکە بخوات و لە جامەکە بخواتەوە، چونکە ئەوەی بخوات و بخواتەوە و ڕێز لە جەستەی مەسیح نەگرێت، ئەوا بۆ خۆی حوکم دەخوات و دەخواتەوە. لەبەر ئەمەیە زۆر نەخۆش و لاوازتان تێدایە، هەندێکیش نوستوون. بەڵام ئەگەر خۆمان حوکمی خۆمان بدایە، ئەوا حوکم نەدەدراین. بەڵام کاتێک مەسیحی خاوەن شکۆ حوکممان بدات، ئەوا تەمبێ دەکرێین، تاکو لەگەڵ جیهاندا تاوانبار نەکرێین. کەواتە ئەی خوشک و برایانم، کاتێک بۆ خواردن کۆدەبنەوە، چاوەڕێی یەکتری بکەن. ئەگەر یەکێک برسی بوو با لە ماڵەوە بخوات، نەوەک بۆ حوکمدان کۆببنەوە. کاتێک هاتم بۆ لاتان، ڕێنمایی زیاتریشتان دەدەمێ.