لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 18:1-25

یەکەم کۆرنسۆس 18:1-25 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

چونكه‌ وشه‌ی خاچ لای له‌ناوچووان گێلایه‌تییه‌، به‌ڵام لای ئێمه‌ی ڕزگاربووان هێزی خودایه‌. چونكه‌ نووسراوه‌: {دانایی داناكان له‌ناوده‌به‌م، تێگه‌یشتنی تێگه‌یشتووان ڕه‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌} . كوا دانا؟ كوا ته‌وراتزان؟ كوا كه‌سی به‌ ده‌م وزاری ئه‌م ڕۆژگاره‌؟ ئایا خودا دانایی ئه‌م جیهانه‌ی نه‌كردۆ‌ته‌ گێلایه‌تی؟ چونكه‌ كه‌ جیهان له‌ دانایی خودادا خودایان به‌ دانایی نه‌ناسی، خودا پێی خۆشبوو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هێناوه‌ به‌ گێلایه‌تی په‌یامی ڕاگه‌یێندراو ڕزگاریان بكات. چونكه‌ جوو داوای په‌رجو ده‌كه‌ن و یۆنانی هه‌وڵی دانایی ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ مه‌سیحی له‌خاچدراو ڕاده‌گه‌یه‌نین، بۆ جوو كۆسپه‌ و بۆ یۆنانیه‌كان گێلایه‌تییه‌! به‌ڵام بۆ بانگكراوان، جوو و یۆنانی، مه‌سیح هێزی خودا و دانایی خودایه‌. چونكه‌ گێلایه‌تی خودا له‌ مرۆڤ داناتره‌! لاوازی خودا له‌ مرۆڤ به‌هێزتره‌!

یەکەم کۆرنسۆس 18:1-25 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پەیامی خاچ بۆ لەناوچووان گێلایەتییە، بەڵام بۆ ئێمەی ڕزگاربووان هێزی خودایە. لەبەر ئەوەی نووسراوە: ﴿دانایی داناکان لەناودەبەم، تێگەیشتنی تێگەیشتووان بەلاوە دەنێم.﴾ کوا دانا؟ کوا مامۆستای تەورات؟ کوا کەسی بە دەموزاری ئەم دنیایە؟ ئایا خودا دانایی ئەم جیهانەی نەکردووەتە گێلایەتی؟ خودا بە دانایی خۆی، مەبەستی بوو کە خەڵک بیناسێت، نەک لە ڕێگەی دانایی جیهانەوە، بەڵکو خودا ویستی لە ڕێگەی مزگێنییەوە باوەڕداران ڕزگار بکات، ئەو مزگێنییەی خەڵکانێک بە گێلایەتی دەزانن. جولەکە داوای نیشانە دەکەن و یۆنانی هەوڵی دانایی دەدەن، بەڵام ئێمە مەسیحی لەخاچدراو جاڕدەدەین، بۆ جولەکە کۆسپە و بۆ نەتەوەکان گێلایەتییە، بەڵام بۆ بانگکراوان، جولەکە و ناجولەکە، مەسیح هێز و دانایی خودایە، چونکە گێلایەتیی خودا لە دانایی مرۆڤ داناترە و لاوازیی خودا لە بەهێزیی مرۆڤ بەهێزترە.