یەکەم پوختەی مێژوو 1:15-16
یەکەم پوختەی مێژوو 1:15-16 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
داود چەند تەلارێکی بۆ خۆی لە شاری داود دروستکرد و شوێنێکی بۆ سندوقی خودا ئامادە کرد و چادرێکی بۆی هەڵدا. ئینجا داود گوتی: «کەس بۆی نییە سندوقی خودا هەڵبگرێت، تەنها لێڤییەکان نەبێت، چونکە یەزدان ئەوانی هەڵبژاردووە بۆ هەڵگرتنی سندوقی یەزدان و خزمەتکردنی هەتاهەتایە.» داود هەموو ئیسرائیلی لە ئۆرشەلیم کۆکردەوە بۆ هێنانی سندوقی یەزدان بۆ ئەو شوێنەی کە بۆی ئامادە کردبوو. هەروەها داود نەوەی هارون و لێڤییەکانی کۆکردەوە. لە نەوەی قەهات، ئوریێلی سەرکردە و سەد و بیست کەس لە خزم و نزیکەکانی. لە نەوەی مەراری، عەسایای سەرکردە و دوو سەد و بیست کەس لە خزم و نزیکەکانی. لە نەوەی گێرشۆن، یۆئێلی سەرکردە و سەد و سی کەس لە خزم و نزیکەکانی. لە نەوەی ئەلیچافان، شەمەعیای سەرکردە و دوو سەد کەس لە خزم و نزیکەکانی. لە نەوەی حەبرۆن، ئەلیێلی سەرکردە و هەشتا کەس لە خزم و نزیکەکانی. لە نەوەی عوزیێل، عەمینادابی سەرکردە و سەد و دوازدە کەس لە خزم و نزیکەکانی. ئینجا داود بانگی سادۆق و ئەبیاتاری کرد کە هەردووکیان کاهین بوون، هەروەها بانگی ئوریێل و عەسایا و یۆئێل و شەمەعیا و ئەلیێل و عەمینادابی کرد کە لە لێڤییەکان بوون. پێی گوتن: «ئێوە گەورەی بنەماڵەکانی لێڤین، خۆتان و براکانتان تەرخان بکەن و سندوقی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بۆ ئەو شوێنە بهێنن کە بۆم ئامادە کردووە، چونکە یەکەم جار ئێوەی لێڤی ئەوتان هەڵنەگرت، ئیتر یەزدانی پەروەردگارمان دڕی پێداین، لەبەر ئەوەی پرسمان بە خودا نەکرد کە چۆن ئەو کارە بکەین.» ئینجا کاهین و لێڤییەکان خۆیان تەرخان کرد بۆ هێنانی سندوقی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل. نەوەی لێڤییەکان هەروەک چۆن موسا بەپێی فەرمایشتی یەزدان فەرمانی دابوو ئاوا سندوقی خودایان بە دوو دارەکەی لەسەر شانیان هەڵگرت. داود بە سەرکردە لێڤییەکانی گوت کە برا گۆرانیبێژەکانیان بە ئامێرەکانی مۆسیقاوە دابنێن، بە ساز و قیسارە و سەنجەوە، هەتا بە خۆشییەوە و بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن.