یەکەم پوختەی مێژوو 8:14-17
یەکەم پوختەی مێژوو 8:14-17 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
کاتێک فەلەستییەکان بیستیانەوە کە داود بە پاشای هەموو ئیسرائیل دەستنیشان کراوە، هەموویان هاتن بۆ ئەوەی بەدوای داوددا بگەڕێن، بەڵام داود ئەمەی بیستەوە و دابەزی بۆ بەرەنگاربوونەوەیان. ئەو کاتە فەلەستییەکان هاتبوون و دەستیان کردبوو بە تاڵانکردنی دۆڵی ڕفایم. داودیش پرسیاری لە خودا کرد و گوتی: «ئایا بچم بۆ پەلاماردانی فەلەستییەکان؟ ئایا دەیاندەیتە دەستم؟» یەزدانیش بە داودی فەرموو: «بڕۆ، دەیاندەمە دەستت.» ئینجا داود و پیاوەکانی چوونە بەعلپراچیم و لەوێ دوژمنەکانی بەزاند و گوتی: «خودا بە دەستی من دڕی بە دوژمنەکانم دا وەک دڕپێدادانی ئاو.» لەبەر ئەوە ئەو شوێنە بە بەعلپراچیم ناو برا. فەلەستییەکان لەوێدا بتەکانیان بەجێهێشت و داود فەرمانی دا کە لەنێو ئاگردا بیانسووتێنن. دووبارە فەلەستییەکان هاتنەوە و دەستیان کردەوە بە تاڵانکردن لە دۆڵەکە، داودیش پرسیاری لە خودا کرد، خوداش پێی فەرموو: «بەدوایاندا مەڕۆ، بەڵکو بسووڕێوە بۆ پشتیان و بەرامبەر بە دار بەلسەمەکان پەلاماریان بدە. کاتێک لەسەر دار بەلسەمەکانەوە گوێت لە دەنگی پێ بوو، لەو کاتەدا وەرە دەرەوە بۆ جەنگ، چونکە خودا بۆ لێدانی ئۆردوگای فەلەستییەکان لەپێشتەوە ڕۆیشتووە.» داودیش بەو جۆرەی کرد کە خودا فەرمانی پێ کرد و لە گبعۆنەوە هەتا گەزەر لە سوپای فەلەستییەکانیان دا. بەو شێوەیە ناوبانگی داود بەناو هەموو خاکەکاندا بڵاو بووەوە و یەزدانیش ترسی ئەوی خستە ناو دڵی هەموو نەتەوەکانەوە.