لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

سەفەنیا 1

1
1پەیامی یەزدان بۆ سەفەنیای کوڕی کووشی کوڕی گەدەلیاهوی کوڕی ئەمەریای کوڕی حەزقیا، لە سەردەمی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهودا:
ئاگادارکردنەوە بۆ هاتنی وێرانکاری
2«هەموو شتێک لەسەر ڕووی زەوی
بە تەواوەتی دادەماڵم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
3«مرۆڤ و ئاژەڵ دادەماڵم،
باڵندەکانی ئاسمان و
ماسییەکانی دەریا دادەماڵم.
بەدکاران تووشی کۆسپ دەکەم و
مرۆڤ لەسەر ڕووی زەوی بنبڕ دەکەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
پێشبینییەک سەبارەت بە یەهودا
4«دەستم بۆ سەر یەهودا و
بۆ سەر هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم درێژ دەکەم.
ئەو بەعل پەرستانەی ماونەتەوە لەم شوێنە بنبڕیان دەکەم،
ناوی کاهینە بتپەرستەکان و کاهینە هەڵگەڕاوەکان،
5ئەوانەی لە سەربانەکان کڕنۆش دەبەن
بۆ ئەستێرەکانی ئاسمان،
ئەوانەی کڕنۆش دەبەن و سوێند بە یەزدان دەخۆن،
هەروەها سوێند بە مۆلەخیش#1‏:5 خوداوەندێکی کەنعانییە بتپەرستەکان بووە، بۆ پەرستنی هەستاون بە تێپەڕاندنی منداڵەکانیان بەناو ئاگردا. بڕوانە دووەم هەواڵی ڕۆژان 28‏:3.‏ دەخۆن،
6لەگەڵ ئەوانەی لە یەزدان هەڵگەڕاونەتەوە و
ئەوانەی ڕوو لە یەزدان ناکەن و پرسیاری لێ ناکەن.»
7لەبەردەم یەزدانی باڵادەست بێدەنگ بە،
چونکە ڕۆژی یەزدان#1‏:7 ڕۆژی سزادانی گوناهباران و ڕزگارکردنی گەلی خودا.‏ نزیکە.
یەزدان قوربانی ئامادە کردووە،
بانگکراوانی خۆی تەرخان دەکات.
8لە ڕۆژی قوربانی یەزدان
میران سزا دەدەم
هەروەها کوڕانی پاشا و
هەموو ئەوانەی جلوبەرگی نامۆیان لەبەرە.
9لەو ڕۆژەدا هەموو ئەوانە سزا دەدەم
کە خۆیان لەوە دەپارێزن پێ لە سەکۆی دەروازەکە بنێن،#1‏:9 باز دەدەن: نەریتێکی بتپەرستانە، بڕوانە یەکەم ساموئێل 5‏:5‏‏.‏
ئەوانەی پەرستگای خوداوەندەکانیان پڕ دەکەن
لە ستەم و فێڵبازی.
10یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا،
دەنگی هاوار لە دەروازەی ماسی بەرزدەبێتەوە،
ناڵەناڵ لە ”گەڕەکی نوێ“ دێت،
دەنگی تێکشکانێکی گەورەش لە گردەکانەوە.
11ئەی دانیشتووانی ناوچەی مەکتیش#1‏:11 گەڕەکێک بووە لەناو بازاڕی گەورەی ئۆرشەلیم.‏ بناڵێنن،
هەموو بازرگانەکانتان لەناودەچن،
هەموو بازرگانەکانی زیو بنبڕ دەکرێن.
12لەو سەردەمەدا، بە چرا ئۆرشەلیم دەپشکنم و
ئەو کەسانە سزا دەدەم کە لەخۆڕازین،
ئەوانە وەک شەرابن بەسەر خڵتەکەیەوە،
لە دڵی خۆیاندا دەڵێن:
”یەزدان نە چاکە دەکات و نە خراپە.“
13ئەوانە سامانیان تاڵان دەکرێت،
ماڵیان وێران دەبێت.
ماڵ بنیاد دەنێن و
تێیدا دانانیشن؛
ڕەز دەچێنن و
لە شەرابەکەی ناخۆنەوە.
ڕۆژی گەورەی یەزدان
14«ڕۆژی گەورەی یەزدان نزیکە،
نزیکە و زۆر بە پەلەیە.
هاواری ڕۆژی یەزدان تاڵ دەبێت،
پاڵەوانە مەزنەکە نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت.
15ئەو ڕۆژە ڕۆژی تووڕەییە،
ڕۆژی تەنگانە و ئازارە،
ڕۆژی کاولبوون و وێرانییە،
ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە،
ڕۆژی هەور و تەمی چڕە،
16ڕۆژی کەڕەنا لێدان و نەعرەتەی جەنگە
لە دژی شارە قەڵابەندەکان و
لە دژی قوللە بەرزەکان.
17«تەنگ بە مرۆڤ هەڵدەچنم،
وەک کوێر بە پەلکوتان دەڕۆن،
چونکە دەرهەق بە یەزدان گوناهیان کرد.
ئینجا خوێنیان وەک خۆڵ دەڕژێت و
هەناویشیان وەک زبڵ.
18نە زیو و نە زێڕەکەیان
ناتوانن دەربازیان بکەن،
لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان.
«بە ئاگری ئیرەییەکەی#1‏:18 ئیرەیی: واتای هەڵوێستی توندی خودا بەرامبەر بە بتپەرستی، چونکە خودا دەیەوێت تەنها ئەو بپەرسترێت.‏
هەموو زەوی هەڵدەلووشێت،
چونکە لەناوچوونێکی کتوپڕ دروستدەکات
بۆ هەموو دانیشتووانی زەوی.»

دیاریکراوەکانی ئێستا:

سەفەنیا 1: KSS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە