لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەکەریا 7:1-21

زەکەریا 7:1-21 KSS

لە بیست و چواری یازدە کە مانگی شوباتە لە دووەم ساڵی داریوش، پەیامی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات. لە شەودا بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا: لەبەردەمم پیاوێک سواری ئەسپێکی سوور بووە. پیاوەکە لە شیوێک لەنێو دار مۆردەکان ڕاوەستاوە، لە پشتییەوە ئەسپی سوور و زەرد و سپی هەبوو. ئینجا پرسیارم کرد: «گەورەم، ئەمانە چین؟» ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵم دەکرد وەڵامی دامەوە: «من پیشانت دەدەم ئەمانە چین.» ئینجا ئەو پیاوەی لەنێو دار مۆردەکان ڕاوەستا بوو فەرمووی: «ئەمانە ئەوانەن کە یەزدان ناردوونی تاکو بەناو زەویدا بگەڕێن.» ئینجا وەڵامی فریشتەکەی یەزدانیان دایەوە ئەوەی لەنێو دار مۆردەکان وەستابوو و گوتیان: «بەناو زەویدا گەڕاین، هەموو زەوی حەساوەتەوە و لە ئارامیدایە.» ئینجا فریشتەکەی یەزدان فەرمووی: «ئەی یەزدانی سوپاسالار، هەتا کەی تۆ بەزەییت بە ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا نایەتەوە کە ئەم حەفتا ساڵە لێیان تووڕە بوویت؟» یەزدانیش بە قسەی خۆش و دڵدانەوە وەڵامی ئەو فریشتەیەی دایەوە کە قسەی لەگەڵم دەکرد. ئینجا ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم پێی گوتم: «ئەم پەیامە ڕابگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”خۆشەویستییەکی بێ پایانم بۆ ئۆرشەلیم و سییۆن هەیە. زۆریش لەو نەتەوانە تووڕەم کە لەخۆڕازین. من کەمێک تووڕە بووم، بەڵام ئەوان لە سزادانەکە درێژدادڕییان کرد.“ «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بە بەزەییەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئۆرشەلیم و لەوێ ماڵەکەم بنیاد دەنرێتەوە. گوریسی پێوانەش بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕادەکێشرێت.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. «هەروەها ڕایبگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”دیسان شارۆچکەکانم سەرڕێژ دەبن لە خێروخۆشی، یەزدان دووبارە دڵی سییۆن دەداتەوە و ئۆرشەلیم هەڵدەبژێرێتەوە.“» پاشان چاوم هەڵبڕی و بینیم چوار قۆچ لەبەردەمم بوون. لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «ئەمانە چین؟» ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودا و ئیسرائیل و ئۆرشەلیمیان پەرتوبڵاو کردەوە.» ئینجا یەزدان چوار پیشەوەری پیشان دام. پرسیارم کرد: «ئەمانە هاتوون چی بکەن؟» ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودایان پەرتوبڵاو کردەوە، تاکو کەس نەتوانێت سەری بەرز بکاتەوە، بەڵام پیشەوەرەکان هاتوون تاکو بیانتۆقێنن و قۆچەکانی نەتەوەکان فڕێبدەن، ئەوانەی قۆچیان بەسەر خاکی یەهودا بەرزکردووەتەوە بۆ پەرتوبڵاوکردنی خەڵکەکەی.»

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان