لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

گۆرانی گۆرانییەکان 7:1-17

گۆرانی گۆرانییەکان 7:1-17 KSS

ئەی خۆشەویستی گیانم، پێم بڵێ، لەکوێ مێگەلی خۆت دەڵەوەڕێنیت، کاتی نیوەڕۆش پشتیری مەڕەکانت لەکوێیە؟ بۆچی وەک پەچەکراوێک بم، لەلای مێگەلی هاوڕێیەکانت؟ ئەی جوانترینی نێو ئافرەتان، ئەگەر نازانیت بە شوێن پێی مەڕاندا بڕۆ و کارەبزنەکانت بلەوەڕێنە لەلای نشینگەی شوانەکان. یارەکەم، بە ئەسپێک لە گالیسکەکانی فیرعەون لێکم چوواندی، گۆنات بە خشڵەوە جوانە، گەردنت بە گەردانەوە. خشڵی زێڕت بۆ دەکەین، لەگەڵ نقێمی زیو. هەتا پاشا لە کۆڕی خۆیەتی، ناردینی من بۆنی خۆی بڵاو دەکاتەوە. دڵدارەکەم چەپکێک موڕە کە لەنێو مەمکەکانم شەو بەسەردەبات. دڵدارەکەم هێشووی خەنەیە لەناو ڕەزەمێوەکانی کانی گەدی. ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت، چەند جوانیت! چاوەکانت کۆترن. ئەی دڵدارەکەم، تۆش چەند قۆزیت، چەند شیرینیت! جێگاکەمان سەوزە. کاریتەی خانووەکەمان لە داری ئورزە، تەختەدارەکانی سەروون.