لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕائووس 1:3-13

ڕائووس 1:3-13 KSS

ڕۆژێکیان ناعۆمی خەسووی بە ڕائووسی گوت: «کچم، ئایا هەوڵ نەدەم ماڵێکت بۆ پەیدا بکەم کە تێیدا بحەوێیتەوە؟ بۆعەز ئەوەی کە لەگەڵ کچە خزمەتکارەکانی بوویت خزممانە و ئەوەتا ئەمشەو لەسەر جۆخینەکە شەنی جۆ دەکات. خۆت بشۆ و بۆن لە خۆت بدە و خۆت بگۆڕە. پاشان بڕۆ بۆ سەر جۆخینەکە، بەڵام خۆت بۆ پیاوەکە ئاشکرا مەکە هەتا لە خواردن و خواردنەوە دەبێتەوە. هەرکە پاڵکەوت، بزانە شوێنی پاڵکەوتنەکەی کوێیە. بڕۆ لای پێی هەڵبدەوە و پاڵبکەوە، ئیتر خۆی پێت دەڵێت چی بکەیت.» ئەویش پێی گوت: «هەرچییەکت گوت دەیکەم.» ئیتر چووە سەر جۆخینەکە و هەموو ئەوەی کە خەسووی فەرمانی پێدا کردی. بۆعەز خواردی و خواردیەوە و دڵی خۆش بوو و چووە ژوورەوە بۆ ئەوەی لە قەراغی دانەوێڵە کۆکراوەکەدا پاڵ بکەوێت. ئەویش بەدزییەوە چووە ژوورەوە و لای پێیەکانی بۆعەزی هەڵدایەوە و پاڵکەوت. لە نیوەشەودا بۆعەز پەشۆکا، ئاوڕی دایەوە و بینی ژنێک لەلای پێیەوە پاڵکەوتووە. گوتی: «تۆ کێیت؟» ئەویش گوتی: «من ڕائووسی کارەکەری تۆم. دامێنی کراسەکەت بدە بەسەر خزمەتکارەکەتدا، چونکە تۆ خوێنگری منیت.» ئەویش گوتی: «کچەکەم، با تۆ لەلایەن یەزدانەوە بەرەکەتدار بیت، چونکە ئەم چاکەیەی دواییت زیاترە لەوەی یەکەم جارت. تۆ هەوڵت نەداوە شوێن لاوان بکەویت، هەژار بن یان دەوڵەمەند. ئێستاش کچی خۆم، مەترسە. هەرچییەک بڵێی بۆت دەکەم، چونکە هەموو خەڵکی شارۆچکەکەم دەزانن کە تۆ ژنێکی ڕەوشت بەرزیت. ڕاستە من خوێنگرم، بەڵام خوێنگرێکی دیکە هەیە کە لە من پێشترە. ئەمشەو بخەوە، بەیانی ئەگەر ئەو خزمە بە مافی پێشینەیی خزمایەتی هەستا ئەوا باشە، با بەجێی بهێنێت. بە یەزدانی زیندوو! ئەگەر ئەو نەیویست مافی پێشینەیی خزمایەتی بەجێبهێنێت، ئەوا من بەجێی دەهێنم. تۆ هەتا بەیانی پاڵبکەوە.»