لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕائووس 5:2-16

ڕائووس 5:2-16 KSS

بۆعەز بە خزمەتکارەکەی گوت کە کرابوو بە سەرکار بەسەر دروێنەکەرەکاندا: «ئەم کچە هی کێیە؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «کچێکی مۆئابییە لەگەڵ ناعۆمی لە وڵاتی مۆئابەوە هاتووە، کە پێی گوتین: ”لێمگەڕێن با گوڵەجۆ لەدوای دروێنەکەرەکان کۆبکەمەوە.“ ئیتر هات و لە بەیانییەوە هەتا ئێستا ماوەتەوە، تەنها تۆزێک نەبێت لەژێر کەپرەکە پشووی دا.» بۆعەز بە ڕائووسی گوت: «گوێ بگرە کچم. مەڕۆ بۆ کێڵگەیەکی دیکە بۆ گوڵەجۆ هەڵگرتنەوە، بەڵکو لێرە بە، لەلای کچە خزمەتکارەکانم. تەماشای کێڵگەکە بکە، پیاوەکان لەکوێ دروێنە دەکەن، تۆش لەگەڵ ژنەکاندا شوێنیان بکەوە. پیاوەکانم ئاگادار کردووەتەوە دەستت لێ نەدەن. ئەگەر تینوو بوویت بڕۆ لە کوپەکان ئاو بخۆوە کە پیاوەکان ئاوی تێدەکەن.» ڕائووس کڕنۆشی برد و لەسەر ڕوو کەوت، پێی گوت: «بۆچی سەرەڕای بێگانەییم ڕەزامەندی تۆم بەدەستهێنا و گرنگیت پێدام؟» بۆعەزیش وەڵامی دایەوە: «بە تەواوی هەموو ئەو شتانەم پێ گوتراوە کە دوای مردنی پیاوەکەت بۆ خەسووت کردووە، تەنانەت وازت لە دایک و باوک و ئەو خاکەی لێی لەدایک بوویت هێناوە و هاتیت بۆ لای گەلێک کە پێشتر نەتناسیون. با یەزدان چاکەی ئەم کارەت بداتەوە. با یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بە تەواوی پاداشتت بداتەوە، ئەوەی کە هاتوویت بۆ ئەوەی پەنا ببەیتە ژێر باڵەکانی.» ئەویش گوتی: «گەورەم با بەردەوام لەبەرچاوت ڕەزامەندی بەدەستبهێنم، چونکە دڵت دامەوە و دڵی کارەکەرەکەتت خۆش کرد، هەرچەندە وەکو یەکێکیش نیم لە کارەکەرەکانت.» لە کاتی نانخواردندا بۆعەز پێی گوت: «وەرە بۆ ئێرە. هەندێک نان بێنە و بیکە بەنێو سرکەکەدا و بیخۆ.» ئەویش لەلای دروێنەکەرەکانەوە دانیشت و بۆعەزیش جۆی برژاوی پێدا، ئیتر خواردی و تێر بوو، لێشی مایەوە. کاتێک هەستا بۆ ئەوەی جۆ هەڵبگرێتەوە، بۆعەز فەرمانی بە پیاوەکانی دا: «لێیگەڕێن با لەنێو کۆڵەجۆکانیش جۆ هەڵبگرێتەوە و ئەزیەتی مەدەن، لە دەسکەکانیش بۆی دەربهێنن. لێیگەڕێن با هەڵیبگرێتەوە و قسەی پێ مەڵێن.»