لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕائووس 6:1-18

ڕائووس 6:1-18 KSS

دوای ئەوەی ناعۆمی لە وڵاتی مۆئابدا بیستی کە خودا گەلەکەی خۆی بەسەرکردووەتەوە و نانی داوە پێیان، خۆی و بووکەکانی هەستان و وڵاتی مۆئابیان بەجێهێشت. لەگەڵ دوو بووکەکەی ئەو شوێنەی بەجێهێشت کە لێی دەژیا و ئەو ڕێگایەیان گرتەبەر کە دەیگەڕاندنەوە بۆ خاکی یەهودا. ناعۆمی بە بووکەکانی گوت: «با هەریەکەتان بگەڕێتەوە بۆ ماڵی دایکی خۆی. خودا پاداشتی ئەو چاکەیەتان بداتەوە کە لەگەڵ من و کوڕەکانمدا کردتان. خودا هەریەکەتان لە ماڵی مێردی خۆی بحەسێنێتەوە.» ئینجا ماچی کردن و ئەوانیش بە دەنگی بەرز گریان. پێیان گوت: «ئێمەش لەگەڵت دێین بۆ لای گەلەکەت.» ناعۆمی گوتی: «کچەکانم بگەڕێنەوە. بۆچی لەگەڵ من دێن؟ ئایا سکم کوڕی تێدا ماوە بۆ ئەوەی ببن بە مێردتان؟ بگەڕێنەوە و بڕۆن، چونکە پیر بووم و ناتوانم شوو بکەمەوە. وا گوتیشم ئومێدی ئەوە هەبوو کە ئەمشەو شوو بکەمەوە و چەند کوڕێکیشم بوو، ئایا چاوەڕێیان دەکەن هەتا گەورە دەبن؟ ئایا لەبەر ئەوان خۆتان دەبەستنەوە و شوو ناکەنەوە؟ نا کچەکانم. من لە ئێوە زیاتر خەفەت دەخۆم، چونکە خودا خراپەی بەسەرم هێنا.» ئینجا دیسان بە دەنگی بەرز گریان. عۆرپا خەسووی ماچکرد، بەڵام ڕائووس بە توندی لە باوەشی گرت. ناعۆمی گوتی: «ئەوەتا عۆرپای هێوەرژنت گەڕایەوە بۆ لای گەلەکەی و خوداوەندەکانی. تۆش لەگەڵ ئەو بگەڕێوە.» بەڵام ڕائووس گوتی: «زۆرم لێ مەکە بەجێت بهێڵم و وازت لێ بهێنم، چونکە بۆ کوێ بچیت دەچم و لە هەرکوێ بمێنیتەوە دەمێنمەوە. گەلی تۆ گەلی منە و خودای تۆ خودای منە. لەکوێ بمریت لەوێ دەمرم و هەر لەوێش بە خاک دەسپێردرێم. با یەزدان توندترین سزام بدات، ئەگەر جگە لە مردن شتێک من لە تۆ جیا دەکاتەوە.» کە بینی سوورە لەسەر ئەوەی لەگەڵیدا بڕوات، ئیتر زۆری لێ نەکرد.