ئینجا پێم دەڵێی: «ئیتر بۆچی خودا هێشتا خەتابارمان دەکات؟ کێ دەتوانێت لە دژی خواستی ئەو ڕابوەستێت؟» ئەی مرۆڤ تۆ کێیت وەڵامی خودا دەدەیتەوە؟ ﴿ئایا دروستکراو بە دروستکەری دەڵێ: «بۆچی وا دروستت کردم؟»﴾ ئایا گۆزەکەر دەسەڵاتی بەسەر قوڕدا نییە لە هەمان قوڕ دەفرێک بۆ ڕێزلێنان و یەکێکی دیکەش ئاسایی دروستبکات؟ بەڵام چی دەبێت ئەگەر خودا بیەوێت تووڕەیی دەربخات و توانای خۆی ئاشکرا بکات، بە پشوودرێژی زۆرەوە بەرگەی ئەو دەفرانەی تووڕەیی بگرێت کە بۆ لەناوبردن ئامادە کراون؟ چی دەبێت ئەگەر ئەمە بکات تاکو دەوڵەمەندی شکۆی خۆی لەسەر ئەو دەفرانەی بەزەیی ئاشکرا بکات کە پێشتر بۆ شکۆمەندی ئامادەی کردوون؟ لەناو ئەواندا ئێمەشی بانگکردووە، نەک تەنها لە جولەکە، بەڵکو لە نەتەوەکانیش. وەک لە هۆشەعدا دەفەرموێ: ﴿ئەوەی گەلی من نییە ناوی دەنێم گەلی خۆم و ئەوەی خۆشەویست نییە بە خۆشەویست،﴾ هەروەها ﴿لەو شوێنەی پێیان گوترا: «ئێوە گەلی من نین،» لەوێدا «بە ڕۆڵەکانی خودای زیندوو ناودەبردرێن.»﴾ ئیشایاش دەربارەی ئیسرائیل هاوار دەکات: ﴿ئەگەر ژمارەی نەوەی ئیسرائیل بەقەد لمی دەریا بێت، تەنها پاشماوەیان ڕزگاری دەبێت، چونکە یەزدان بە خێرایی دوا بڕیاری خۆی بەسەر زەویدا جێبەجێ دەکات.﴾ وەک ئیشایا پێشتر گوتوویەتی: ﴿ئەگەر یەزدانی سوپاسالار نەوەی بۆ نەهێشتباینایەوە، وەک سەدۆممان لێ دەهات و لە عەمۆرا دەچووین.﴾ کەواتە چی بڵێین؟ ئەو نەتەوانەی بۆ بێتاوانبوون کۆششیان نەکرد، بێتاوانبوونیان بەدەستهێنا، ئەو بێتاوانبوونەی بە باوەڕە. کەچی ئیسرائیل بە شەریعەتی تەورات کۆششیان کرد بۆ بێتاوانبوون، بەو شەریعەتە پێی نەگەیشتن. بۆچی؟ چونکە بە باوەڕ نەبوو، بەڵکو لەسەر بنچینەی کردار بوو. ئەوسا بۆیان بوو بە کۆسپ و تەگەرە و ساتمەیان لێکرد، هەروەک نووسراوە: ﴿ئەوەتا بەردێک بۆ کۆسپ لە سییۆن دادەنێم، تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە، بەڵام ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.﴾
ڕۆما 9 بخوێنەوە
گوێگرتن لە ڕۆما 9
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: ڕۆما 19:9-33
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان