لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕۆما 1:7-12

ڕۆما 1:7-12 KSS

ئەی خوشک و برایان، بۆ ئێوە دەدوێم کە لە تەورات دەزانن، ئایا ئێوە نازانن شەریعەتی تەورات دەسەڵاتی بەسەر مرۆڤدا هەیە هەتا ئەو کاتەی زیندووە؟ بۆ نموونە، ژن بەپێی شەریعەت بە مێردە زیندووەکەیەوە بەستراوەتەوە، بەڵام کە مێردەکە مرد، ئەوا لەو شەریعەتە ئازاد دەبێت کە بە مێردەکەیەوە بەستبوویەوە. کەواتە هەتا مێردەکە زیندوو بێت، ژنەکە بە داوێنپیس ناودەبردرێت ئەگەر بووە هی پیاوێکی دیکە. بەڵام ئەگەر مێردەکە بمرێت، ئەوسا لە دەسەڵاتی شەریعەت ئازادە و داوێنپیس نییە ئەگەر بووە هی پیاوێکی دیکە. ئیتر براکانم، ئێوەش بە لەشی مەسیح سەبارەت بە شەریعەت مردن، تاکو ببنە هی کەسێکی دیکە، ئەو کەسەی لەناو مردووان هەستێنرایەوە، تاکو بۆ خودا بەرهەم بدەین، چونکە کاتێک لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایی دەژیاین، ئارەزووەکانی گوناه بەهۆی شەریعەتەوە لە ئەندامەکانی لەشماندا کاری دەکرد، بۆیە ئەو کارانەی دەمانکرد دەبوونە هۆی مردن. بەڵام ئێستا ئازاد بووین لە شەریعەتی تەورات، مردین سەبارەت بەوەی ئێمەی بەستبووەوە، تاکو بە ڕێگای نوێی ڕۆحی پیرۆز خزمەت بکەین، نەک بە ڕێگای کۆنی شەریعەتی نووسراو. کەواتە چی بڵێین؟ ئایا تەورات خۆی سەرچاوەی گوناهە؟ حاشا! چونکە لە ڕێگەی شەریعەتی تەوراتەوە نەبووایە، گوناهم نەدەناسی. هەروەها واتای تەواوی چاوچنۆکیم نەدەزانی ئەگەر تەورات نەیگوتایە ﴿چاو مەبڕە هیچ شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.﴾ بەڵام گوناه ئەم ڕاسپاردەیەی قۆستەوە و هەموو چاوچنۆکییەکی لە مندا وروژاند، چونکە گوناه بەبێ شەریعەت مردووە. منیش پێشتر بەبێ شەریعەت دەژیام، بەڵام کاتێک ڕاسپاردە هات، گوناه هاتە ژیان و منیش مردم. بینیم هەمان ئەو ڕاسپاردەیەی مایەی ژیانە، بۆ من مردنە، چونکە گوناه ڕاسپاردەکەی قۆستەوە و منی خەڵەتاند و بەو منی کوشت. کەواتە تەورات پیرۆزە، ڕاسپاردەش پیرۆز و دادپەروەر و چاکە.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان