لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕۆما 9:3-20

ڕۆما 9:3-20 KSS

کەواتە چی بڵێین؟ ئایا ئێمەی جولەکە لە خەڵکانی تر باشترین؟ نەخێر، چونکە ئێمە جولەکە و ناجولەکەمان تۆمەتبار کرد کە هەردووکیان لەژێر دەسەڵاتی گوناهن، وەک نووسراوە: ﴿کەس بێتاوان نییە، تەنانەت یەک کەسیش، کەس نییە تێبگات، کەس نییە بەدوای خودا بگەڕێت. هەموو ڕوویان وەرگێڕا و تێکڕا بێ سوود بوون. کەس نییە چاکە بکات، تەنانەت یەکێکیش نییە.﴾ ﴿قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە، بە زمانیان فێڵبازی دەکەن.﴾ ﴿ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.﴾ ﴿دەمیان پڕە لە نەفرەت و تاڵاو.﴾ ﴿پێیان خێرایە بۆ خوێنڕشتن، وێرانی و دەردەسەری لەسەر ڕێگایانە ڕێگای ئاشتی پێنازانن.﴾ ﴿ترسی خودایان لەبەرچاو نییە.﴾ ئێستا دەزانین هەرچی شەریعەت دەیڵێت، بەوانەی دەڵێت کە لەژێر سایەی شەریعەتدان، تاکو هەموو دەمێک دابخرێت و هەموو جیهان بکەوێتە ژێر لێپرسینەوەی خودا. بە کرداری شەریعەت کەس لەلای خودا بێتاوان نابێت، بەڵکو گوناه لە ڕێگەی شەریعەتەوە دەناسرێت.