من پێتان دەڵێم، مەسیح لەبەر ڕاستی خودا بوو بە خزمەتکاری جولەکەکان، تاکو ئەو بەڵێنانەی بۆ باوکانە بیانچەسپێنێت، هەروەها تاکو نەتەوەکان ستایشی خودا بکەن لەبەر بەزەییەکەی، وەک نووسراوە: ﴿لەبەر ئەوە لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم، گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.﴾ دیسان دەفەرموێ: ﴿ئەی نەتەوەکان، لەگەڵ گەلی خودا دڵخۆش بن.﴾ هەروەها: ﴿ئەی هەموو نەتەوەکان، ستایشی یەزدان بکەن! ئەی هەموو گەلان، ستایشی بکەن!﴾ دیسان ئیشایا دەڵێت: ﴿ڕەگی یەسا دەردەکەوێت، ئەوەی بۆ فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان هەڵدەستێتەوە، ئومێدی نەتەوەکان بەو دەبێت.﴾ با خودای هیوا بە هەموو خۆشی و ئاشتییەک لە باوەڕدا پڕتان بکات، تاکو بە هێزی ڕۆحی پیرۆز سەرڕێژ بن لە هیوا. خوشک و براکانم، خۆم دڵنیام کە ئێوە پڕن لە چاکە، پڕن لە زانیاری، تواناتان هەیە ئامۆژگاری یەکتری بکەن. بەڵام دەربارەی هەندێک خاڵ ئازایانەتر بۆم نووسیون، وەک بەیادهێنانەوەتان، لەبەر ئەو نیعمەتەی خودا پێیداوم، تاکو ببمە خزمەتکاری عیسای مەسیح بۆ نەتەوەکان، وەک کاهین لە ئەرکی ڕاگەیاندنی مزگێنیی خودا، تاکو قوربانی نەتەوەکان پەسەندکراو بێت، بە ڕۆحی پیرۆز پیرۆزکراو بێت. لەبەر ئەوە بەهۆی عیسای مەسیحەوە شانازی دەکەم بەو کارانەی کە بۆ خودای دەکەم. ناوێرم باسی شتێک بکەم جگە لەوەی مەسیح بۆ گوێڕایەڵبوونی نەتەوەکان بۆ خودا لە ڕێگەی منەوە ئەنجامی داوە، بە وتە و کردار، بە هێزی نیشانە و پەرجوو، بە هێزی ڕۆحی خودا. تەنانەت لە ئۆرشەلیم و دەوروپشتی تاکو ئیللیریکوم، بە تەواوی مزگێنیی مەسیحم ڕاگەیاند. بۆیە ئامانجی بەرزم ئەوە بووە کە مزگێنی بدەمە ئەو شوێنەی کە ناوی مەسیحی تێدا نەهێنراوە، تاکو لەسەر بناغەی یەکێکی دیکە بنیاد نەنێم. بەڵام وەک نووسراوە: ﴿ئەوانەی باسی ئەویان بۆ نەکرابوو دەبینن، ئەوانەی نەیانبیستبوو تێدەگەن.﴾
ڕۆما 15 بخوێنەوە
گوێگرتن لە ڕۆما 15
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: ڕۆما 8:15-21
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان