لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئاشکراکردن 1:6-8

ئاشکراکردن 1:6-8 KSS

سەیرم کرد کە بەرخەکە یەکێک لە حەوت مۆرەکەی کردەوە. ئینجا گوێم لێبوو یەکێک لە چوار بوونەوەرەکە بە دەنگێکی وەک هەورەگرمە گوتی: «وەرە!» تەماشام کرد و ئەسپێکی سپیم بینی. سوارەکەی کەوانێکی بەدەستەوە بوو و تاجێکی پێدرابوو، بە سەرکەوتنەوە دەرچوو تاکو سەربکەوێت. کاتێک بەرخەکە مۆری دووەمی کردەوە، گوێم لە بوونەوەری دووەم بوو گوتی: «وەرە!» ئەسپێکی دیکەی سووری درەوشاوە هاتە پێشەوە، سوارەکەی دەسەڵاتی پێدرابوو ئاشتی لە زەویدا نەهێڵێت تاکو خەڵک یەکتری بکوژن. هەروەها شمشێرێکی گەورەی پێدرابوو. کاتێک بەرخەکە مۆری سێیەمی کردەوە، گوێم لێبوو بوونەوەری سێیەم گوتی: «وەرە!» سەیرم کرد، ئەسپێکی ڕەشم بینی، سوارەکەی تەرازووێکی بەدەستەوە بوو. گوێم لێبوو دەنگێک لە ناوەڕاستی چوار بوونەوەرەکەدا دەیگوت: «یەک مشت گەنم بە دینارێک، سێ مشت جۆ بە دینارێک، بەڵام زیان بە ڕۆن و شەرابەکە مەگەیەنە.» کاتێک بەرخەکە مۆری چوارەمی کردەوە، گوێم لە دەنگی بوونەوەری چوارەم بوو گوتی: «وەرە!» تەماشام کرد، ئەسپێکی زەردباوم بینی، سوارەکەی ناوی «مردن» بوو، یەکێکی دیکە بە ناوی «جیهانی مردووان» دوای کەوتبوو. هەردووکیان دەسەڵاتیان پێدرابوو کە چارەکی دانیشتووانی زەوی بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد و بە دڕندە کێوییەکانی زەوی بکوژن.