لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئاشکراکردن 1:20-10

ئاشکراکردن 1:20-10 KSS

فریشتەیەکم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و کلیلی بیری بێ بنی پێبوو، زنجیرێکی گەورەشی بەدەستەوە بوو. ئەژدیهاکەی دەستگیر کرد، مارە دێرینەکە کە ئیبلیس و شەیتانە، هەزار ساڵ بەستییەوە. فڕێیدایە بیری بێ بن و دەرگای لەسەر داخست و مۆرێکی لێدا، بۆ ئەوەی ئیتر نەتەوەکان چەواشە نەکات، هەتا هەزار ساڵەکە تەواو دەبێت. پاش ئەمە دەبێت بۆ ماوەیەکی کەم ئازاد بکرێت. چەند تەختێکم بینی و ئەوانەی لەسەری دانیشتن دەسەڵاتی حوکمدانیان پێدرابوو. هەروەها گیانی ئەوانەم بینی کە لەبەر شایەتی عیسا و لەبەر وشەی خودا سەربڕابوون، ئەوانە کڕنۆشیان بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی نەبردبوو، نیشانەی نێوچەوان و سەر دەستیان وەرنەگرتبوو. جا زیندووبوونەوە و هەزار ساڵ لەگەڵ مەسیحدا فەرمانڕەواییان کرد. (بەڵام مردووەکانی دیکە هەتا هەزار ساڵەکە تەواو بوو بۆ ژیان نەگەڕانەوە. ئەمە هەستانەوەی یەکەمە.) ئەوەی لە هەستانەوەی یەکەمدا بەشی هەبێت بەرەکەتدار و پیرۆزە. ئەوانە مردنی دووەم دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە، بەڵکو دەبنە کاهینی خودا و مەسیح، هەزار ساڵ لەگەڵیدا فەرمانڕەوایەتی دەکەن. کاتێک هەزار ساڵەکە تەواو دەبێت شەیتان لە بەندیخانە ئازاد دەکرێت و دێتە دەرەوە تاکو نەتەوەکانی چوارگۆشەی زەوی چەواشە بکات، گۆگ و ماگۆگ، تاکو بۆ جەنگ کۆیان بکاتەوە، ئەوانەی ژمارەیان وەک لمی دەریایە. بەسەر پانتایی زەویدا بڵاو بوونەوە و ئۆردوگای گەلی خودا، واتا شارە خۆشەویستەکەی خودایان گەمارۆ دا، بەڵام ئاگر لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و هەڵیلووشین. ئەو ئیبلیسەی چەواشەی دەکردن فڕێدرایە دەریاچەی ئاگر و گۆگرد، کە دڕندەکە و پێغەمبەرە درۆزنەکەی لێیە. هەتاهەتایە شەو و ڕۆژ ئازار دەدرێن.