لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئاشکراکردن 1:19-9

ئاشکراکردن 1:19-9 KSS

پاش ئەوەش گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو وەک دەنگی خەڵکانێکی زۆر لە ئاسمانەوە دەیگوت: «هەلیلویا! ڕزگاری و شکۆ و هێز بۆ خودامانە، چونکە حوکمەکانی ڕاست و دادپەروەرن. لەشفرۆشە گەورەکەی تاوانبار کرد کە بە داوێنپیسییەکەی زەویی گەندەڵ دەکرد. تۆڵەی خوێنی بەندەکانی خۆی لێکردەوە.» دووبارە گوتیانەوە: «هەلیلویا! دووکەڵەکەی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە.» بیست و چوار پیرەکە و چوار بوونەوەرەکە کەوتنە سەر چۆک و کڕنۆشیان بۆ خودای دانیشتووی سەر تەختەکە برد و گوتیان: «ئامین. هەلیلویا!» دەنگێک لەلای تەختەکەوە هات و گوتی: «ستایشی خودامان بکەن ئەی هەموو بەندەکانی، ئەوانەی لێی دەترسن، گەورە و بچووک.» پاشان گوێم لە دەنگێک بوو وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر، وەک دەنگی خوڕەی ئاوێکی زۆر و وەک دەنگی هەورەگرمەی بەهێز بوو، دەیگوت: «هەلیلویا! خودای پەروەردگارمان هەرە بەتوانایە، حوکومڕانی دەکات. با دڵخۆش و شاد بین، شکۆداری بکەین، چونکە زەماوەندی بەرخەکە هاتووە و بووکەکەی خۆی ئامادە کردووە. کراسێکی کەتانی ناسکی پاک و پرشنگداری پێدرابوو لەبەری بکات.» ئەم کەتانە ناسکە هێمای کردارە ڕاستودروستەکانی گەلی پیرۆزی خودایە. پێی گوتم: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی بۆ خوانی زەماوەندی بەرخەکە بانگهێشت کراون!» هەروەها پێی گوتم: «ئەمانە وشە ڕاستەکانی خودان.»