لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئاشکراکردن 1:18-8

ئاشکراکردن 1:18-8 KSS

پاش ئەوەش فریشتەیەکی دیکەم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و دەسەڵاتێکی گەورەی هەبوو، زەویش بە شکۆی ئەو ڕووناک بووەوە. بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گوتی: «کەوت! بابلی گەورە کەوت! بووە جێنشینی جنۆکەکان و پەناگای هەموو ڕۆحە پیسەکان، پەناگای هەموو باڵندەیەکی گڵاو، پەناگای هەموو ئاژەڵێکی گڵاو و قێزەون. لەبەر ئەوەی هەموو نەتەوەکان لە شەرابێکی زۆری داوێنپیسی ئەویان خواردووەتەوە. پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵدا کردووە، بازرگانانی زەویش بە توانای سەڵتەنەتی ئەو دەوڵەمەند بوون.» گوێم لە دەنگێکی دیکە بوو لە ئاسمانەوە دەیفەرموو: «ئەی گەلی من لێی دەربچن، تاکو بەشداری لە گوناهەکانی نەکەن، تاکو دەردەکانی نەگرن، چونکە گوناهەکانی تاکو ئاسمان بەرزبوونەوە و خوداش خراپی ئەوی بە یاد هاتەوە. سزای بدەنەوە وەک ئەویش سزای دایەوە و بەگوێرەی کردارەکانی خۆی دووقاتی بدەنەوە، لەو جامەی تێیدا تێکەڵی کرد دووقاتی بۆ تێکەڵ بکەنەوە. هێندەی ئەوەی کە خۆی بە گەورە داناوە و خۆش ڕایبواردووە، ئازار و خەمی بدەنێ، چونکە لە دڵی خۆیدا دەڵێت: ”من وەک شاژن دانیشتووم و بێوەژن نیم، هەرگیز شیوەن ناگێڕم.“ لەبەر ئەوە دەردەکانی لە ڕۆژێکدا دێن، مردن و شیوەن و قاتوقڕی. بە ئاگریش دەسووتێت، خودای پەروەردگار ئەوەی حوکمی دەدات، بەهێزە.