لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئاشکراکردن 12:16-21

ئاشکراکردن 12:16-21 KSS

فریشتەی شەشەم جامەکەی ڕژاندە سەر ڕووباری گەورەی فورات، ئیتر ئاوەکە وشکی کرد، تاکو ڕێگای پاشاکانی ڕۆژهەڵات خۆش بکات. ئینجا سێ ڕۆحی پیسی وەک بۆقم بینی لە دەمی ئەژدیهاکە و دەمی دڕندەکە و دەمی پێغەمبەرە درۆزنەکە دەهاتنە دەرەوە. ئەوانە ڕۆحی شەیتانین کە پەرجوو دەکەن، دەچنە لای پاشاکانی هەموو جیهان، تاکو لەو ڕۆژە گەورەیەی خودای هەرە بەتوانادا بۆ جەنگ کۆیان بکەنەوە. مەسیح دەفەرموێ: «ئەوەتا وەک دزێک دێم! خۆزگە دەخوازرێت بەوەی ئێشک دەگرێت و جلوبەرگەکانی دەپارێزێت، نەوەک ئابڕووی ببینرێت و بە ڕووتی بڕوات.» پاشان ڕۆحەکان لە شوێنێکدا کۆی کردنەوە کە بە عیبری پێی دەگوترێ «هارمەگیدۆن». فریشتەی حەوتەم جامەکەی خۆی بە هەوادا ڕژاند، دەنگێکی بەرز لە پەرستگاکە و لە تەختەکەوە هات و گوتی: «هاتە دی!» پاشان هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە پەیدابوو، بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا، تەنانەت لەو کاتەوەی خەڵک لەسەر زەوین شتی وا ڕووی نەداوە. بوومەلەرزەکە زۆر بەهێز بوو. شارە گەورەکە بووە سێ بەش، شارەکانی نەتەوەکانیش کەوتن. خوداش بابلی گەورەی بەبیر هاتەوە تاکو جامی شەرابی تووڕەیی هەڵچووی خۆی بداتێ. هەموو دوورگەکان ڕایانکرد و چیاکان نەدۆزرانەوە. تەرزەیەکی گەورە کە قورساییەکەی یەک تالنت‏ دەبوو لە ئاسمانەوە بەسەر خەڵکیدا باری، لەتاو لێدانی تەرزەکە کفریان بە خودا کرد، چونکە لێدانەکەی زۆر توند بوو.