لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئاشکراکردن 7:11-19

ئاشکراکردن 7:11-19 KSS

کاتێک شایەتییەکەیان تەواو کرد ئەو دڕندەیەی لە بیری بێ بن دێتە دەرەوە، لەگەڵیان دەجەنگێت، دەیانبەزێنێت و دەیانکوژێت. هەروەها تەرمەکانیان لەسەر شەقامی شارە گەورەکە دەبێت کە ناوی مەجازی سەدۆم و میسرە، لەوێش گەورەکەیان لە خاچ درا. بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و نیو خەڵکانێک لە هەموو گەل و هۆز و زمان و نەتەوەکان تەماشای تەرمەکانیان دەکەن و ناهێڵن تەرمەکانیان بنێژرێن، هەروەها دانیشتووانی سەر زەوی پێی شاد دەبن و شایی دەگێڕن و دیاری بۆ یەکتری دەنێرن، چونکە ئەم دوو پێغەمبەرە دانیشتووانی سەر زەوییان ئازار دابوو. بەڵام پاش سێ ڕۆژ و نیو هەناسەی ژیان لە خوداوە چووە ناویان، ئەوانیش هەستانەوە لەسەر پێیەکانیان و ترسێکی گەورە کەوتە سەر ئەوانەی تەماشایان دەکرد. دەنگێکی بەرزیشیان لە ئاسمانەوە بیست کە پێی دەفەرموون: «سەربکەونە ئێرە.» ئەوانیش لەبەرچاوی دوژمنانیان لە هەوردا بۆ ئاسمان سەرکەوتن. هەر لەو کاتەدا بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا و دەیەکی شارەکە داڕما. حەوت هەزار کەس بە بوومەلەرزەکە کوژران، ئەوانی دیکە ترسان و ستایشی خودای ئاسمانیان کرد. نەهامەتی دووەم نەما، ئەوەتا نەهامەتی سێیەم زوو دێت. فریشتەی حەوتەمیش کەڕەناکەی لێدا و چەند دەنگێکی بەرز لە ئاسمانەوە هاتن و گوتیان: «شانشینی جیهان بووەتە شانشینی پەروەردگارمان و مەسیحەکەی، مەسیحیش بۆ هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات.» ئەو بیست و چوار پیرەی کە لەبەردەم خودا لەسەر تەختەکانیان دانیشتبوون، خۆیان بە زەویدا دا و کڕنۆشیان بۆ خودا برد، گوتیان: «سوپاست دەکەین، خودای پەروەردگاری هەرە بەتوانا، ئەوەی هەیە و هەبووە، چونکە هێزە گەورەکەی خۆتت وەرگرت و دەستت بە فەرمانڕەوایی کرد. نەتەوەکان تووڕە بوون، بەڵام کاتی تووڕەیی تۆش هاتووە. کاتی لێپرسینەوەی مردووان هات، بۆ پاداشتکردنی بەندە پێغەمبەرەکانت و گەلە پیرۆزەکەت کە لە ناوی تۆ دەترسن، بە گەورە و بچووکەوە، هەروەها بۆ لەناوبردنی ئەوانەی زەوی لەناودەبەن.» پەرستگای خوداش لە ئاسمان کرایەوە و سندوقی پەیمانەکەی لە پەرستگاکەی دەرکەوت. لەوێدا بووە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە و بوومەلەرزە و تەرزەی قەبارە گەورە باری.