لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئاشکراکردن 12:1-20

ئاشکراکردن 12:1-20 KSS

ئاوڕم دایەوە تاکو ئەو دەنگە ببینم کە لەگەڵم دەدوا. کاتێک ئاوڕم دایەوە حەوت چرادانی زێڕینم بینی، لە ناوەڕاستی چرادانەکاندا یەکێکم وەک کوڕی مرۆڤ بینی، جلێکی شۆڕی لەبەردا بوو هەتا بەرپێی، پشتێنێکی زێڕینی بە سنگییەوە بەستبوو. سەر و قژی سپی وەک خوری و وەک بەفر سپی بوون و چاوەکانی وەک گڕی ئاگر بوون. پێیەکانی وەک بڕۆنزێکی بریقەدار کە لە کوورە پوختە کرابێت وابوون، دەنگیشی وەک هاژەی تاڤگە وابوو. حەوت ئەستێرە لە دەستی ڕاستی بوون، شمشێرێکی دوودەمیش لە دەمیەوە دەردەچوو، ڕوخساری وەک تیشکی بەتینی ڕۆژ دەدرەوشایەوە. کاتێک بینیم وەک مردوو لەبەرپێی کەوتم، دەستی ڕاستی خستە سەرم و فەرمووی: «مەترسە، من سەرەتا و کۆتاییم. منم زیندووەکە! مردبووم، بەڵام ئەوەتا ئێستا بۆ هەتاهەتایە زیندووم! هەروەها کلیلەکانی مردن و جیهانی مردووانم پێیە. «بۆیە ئەمانە بنووسە لەوەی بینیت و ئەوەی هەیە و ئەوەی پاش ئەمەش دەبێت. نهێنی ئەو حەوت ئەستێرەیەی لە دەستی ڕاستم بینیت و حەوت چرادانە زێڕینەکە ئەمەیە: حەوت ئەستێرەکە فریشتەی حەوت کڵێساکانن و حەوت چرادانەکەش حەوت کڵێساکەن.»