لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 32:78-55

زەبوورەکان 32:78-55 KSS

لەگەڵ ئەمەشدا گوناهیان کردەوە، بڕوایان بە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی نەکرد. بە فووێک ڕۆژگاری لەناوبردن، بە تۆقاندن ساڵانیان. هەر کاتێک لێیان بکوژێت بەدوای دەکەون، بە پەرۆشەوە دەگەڕێنەوە لای. بەبیریان دێتەوە کە خودا تاشەبەردیانە، خودای هەرەبەرزیشە کە دەیانکڕێتەوە. بەڵام بە دەم فێڵ دەکەن، بە زمان درۆی لەگەڵ دەکەن. دڵیان لەلای ناچەسپێت، دڵسۆز نین لەگەڵ پەیمانەکەی. ئەویش بەزەییداره و لە گوناه خۆشدەبێت و نافەوتێنێت. زۆر جار تووڕەیی خۆی دەگێڕێتەوە، هەموو هەڵچوونی خۆی دەرنابڕێت. بەبیری دێتەوە ئەمانە مرۆڤن، بایەکن هەڵدەکەن و ناگەڕێنەوە. چەند جار لە چۆڵەوانی لێی یاخیبوون، لە بیابان دڵتەنگیان کرد. جار لەدوای جار خودایان تاقی کردەوە، خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان تووڕە کرد. دەستی ئەویان لەبیرچوو، ئەو ڕۆژەی ئەوانی لە دوژمن کڕییەوە. ئەو ڕۆژەی لە میسر نیشانەی پیشاندا، لە وڵاتی چۆعەن پەرجووی کرد. ڕووبار و جۆگەکانیانی گۆڕی بۆ خوێن، بۆ ئەوەی نەخۆنەوە. مێشومەگەزی نارد پێوەیان دان، بۆقی نارد بۆگەنیان کردن. بەروبوومی ئەوانی دا بە سن، بەری ماندووبوونیان بە کوللە. بە تەرزە ڕەزەمێوەکانی کوتان و بە زوقم دار هەنجیرەکانی وشککردن. گاوگۆتاڵی ئەوانی خستنە بەر تەرزە و ئاژەڵی ماڵی دانە بەر بروسکە. گڕی هەڵچوونی خۆی ڕژاندە سەریان، تووڕەیی و تۆڵە و بەڵا، بە فریشتەی لەناوبەر ناردی. ڕێگای بۆ تووڕەیی خۆی خۆشکرد، مردنی لێ نەگێڕانەوە، ژیانیانی تووشی دەرد کرد. لە هەموو نۆبەرەکانی میسری دا، یەکەمین بەرهەمی پیاوەتی وڵاتی حام. ئینجا وەک مەڕ گەلەکەی بەپێشدا، وەک ڕان لە چۆڵەوانی ڕابەرایەتی کردن. بە ئاسوودەیی ڕێنمایی کردن، ئیتر بێ ترس بوون، بەڵام دەریا دوژمنەکانی داپۆشین. بردنی بۆ سنووری خاکی پیرۆز، ئەو ناوچە شاخاوییەی بە دەستی ڕاستی بەدەستیهێنا. نەتەوەکانی لەبەردەم دەرکردن، میراتی بە گوریس بۆ دابەش کردن، هۆزەکانی ئیسرائیلی لە خێوەتەکانیان نیشتەجێ کرد.