لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 21:78-50

زەبوورەکان 21:78-50 KSS

کە یەزدان ئەمەی بیست زۆر تووڕە بوو، ئاگری داگیرسا لە دژی یاقوب، هەروەها تووڕەیی هەستا لە ئیسرائیل، چونکە بڕوایان بە خودا نەهێنا و پشتیان بە ڕزگاریی ئەو نەبەست. جا فەرمانی دا بە هەورەکان لە بەرزایی، دەرگای ئاسمانی کردەوە، مەنی بەسەریاندا باراند بۆ خواردن و دانەوێڵەی ئاسمانی پێدان. مرۆڤ نانی فریشتەکانیان خوارد، ئازووقەی بۆ ناردن هەتا تێربوون. لە ئاسمانەوە بای ڕۆژهەڵاتی هەڵکرد، بە هێزیشی بای باشووری بەرەو پێش برد. وەک خۆڵ گۆشتی بەسەریاندا باراند، وەک لمی دەریاکان پەلەوەری باڵدار. باراندییە ناو ئۆردوگاکەیان، لە دەوروبەری چادرەکانیان. خواردیان و زۆر تێر بوون، ئەوەی دڵیان پێوەی بوو بۆی هێنان. بەڵام بەر لەوەی ئەوەی حەزیان لێی بوو بەجێی بهێڵن، هێشتا خواردنەکەیان لەناو دەم بوو، تووڕەیی خودا لێیان هەستا، هەرە بەهێزەکانی کوشتن و باشترین گەنجەکانی ئیسرائیلی خست. لەگەڵ ئەمەشدا گوناهیان کردەوە، بڕوایان بە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی نەکرد. بە فووێک ڕۆژگاری لەناوبردن، بە تۆقاندن ساڵانیان. هەر کاتێک لێیان بکوژێت بەدوای دەکەون، بە پەرۆشەوە دەگەڕێنەوە لای. بەبیریان دێتەوە کە خودا تاشەبەردیانە، خودای هەرەبەرزیشە کە دەیانکڕێتەوە. بەڵام بە دەم فێڵ دەکەن، بە زمان درۆی لەگەڵ دەکەن. دڵیان لەلای ناچەسپێت، دڵسۆز نین لەگەڵ پەیمانەکەی. ئەویش بەزەییداره و لە گوناه خۆشدەبێت و نافەوتێنێت. زۆر جار تووڕەیی خۆی دەگێڕێتەوە، هەموو هەڵچوونی خۆی دەرنابڕێت. بەبیری دێتەوە ئەمانە مرۆڤن، بایەکن هەڵدەکەن و ناگەڕێنەوە. چەند جار لە چۆڵەوانی لێی یاخیبوون، لە بیابان دڵتەنگیان کرد. جار لەدوای جار خودایان تاقی کردەوە، خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان تووڕە کرد. دەستی ئەویان لەبیرچوو، ئەو ڕۆژەی ئەوانی لە دوژمن کڕییەوە. ئەو ڕۆژەی لە میسر نیشانەی پیشاندا، لە وڵاتی چۆعەن پەرجووی کرد. ڕووبار و جۆگەکانیانی گۆڕی بۆ خوێن، بۆ ئەوەی نەخۆنەوە. مێشومەگەزی نارد پێوەیان دان، بۆقی نارد بۆگەنیان کردن. بەروبوومی ئەوانی دا بە سن، بەری ماندووبوونیان بە کوللە. بە تەرزە ڕەزەمێوەکانی کوتان و بە زوقم دار هەنجیرەکانی وشککردن. گاوگۆتاڵی ئەوانی خستنە بەر تەرزە و ئاژەڵی ماڵی دانە بەر بروسکە. گڕی هەڵچوونی خۆی ڕژاندە سەریان، تووڕەیی و تۆڵە و بەڵا، بە فریشتەی لەناوبەر ناردی. ڕێگای بۆ تووڕەیی خۆی خۆشکرد، مردنی لێ نەگێڕانەوە، ژیانیانی تووشی دەرد کرد.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان