ئەی گەلی من، گوێ بدەنە فێرکردنم، گوێ شل بکەن بۆ قسەکانی دەمم. بە نموونە دەمم دەکەمەوە، مەتەڵی ڕۆژگاری کۆن ڕادەگەیەنم. ئەو شتانەی بیستوومانە و زانیومانە، ئەوەی باوباپیرانمان پێیان گوتووین. ئەو شتانە لە منداڵەکانیان ناشارینەوە، بەڵکو بە نەوەی داهاتوو، ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنین، هێزی و کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە کردوویەتی. لەناو بنەماڵەی یاقوب شەریعەتی دامەزراند، لەناو ئیسرائیل تەورات، کە باوباپیرانی ئێمەی ڕاسپارد کە فێری منداڵانی خۆیانی بکەن، بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو بیانزانێت، ئەو منداڵانەی لەدایک دەبن، ئەوانیش هەستن و بۆ منداڵانی خۆیانی باس بکەن. ئینجا هیوایان بە خودا دەبێت، کردارەکانی خودایان لە یاد ناچێ، بەڵکو ڕاسپاردەکانی بەجێدەگەیەنن، بۆ ئەوەی وەک باوباپیرانیان نەبن، نەوەیەکی یاخی و کەللەڕەق، نەوەیەک جگەرسۆز نەبوو بۆ خودا، ڕۆحیشیان دڵسۆزی ئەو نەبوو. ئەفرایمییەکان کە چەکیان تیروکەوان بوو، لە ڕۆژی جەنگدا گەڕانەوە. پەیمانی خودایان شکاند، بەپێی فێرکردنی نەجوڵانەوە. کردارەکانی خودایان لەبیر کرد، ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە پیشانی دابوون. لەبەرچاوی باوباپیرانیان پەرجووی کرد، لە خاکی میسر، لە وڵاتی چۆعەن. دەریای شەقکرد و پەڕاندنیەوە، وەک بەربەست ئاوی ڕاگرت. بە ڕۆژ بەهۆی هەورەوە ڕێبەری کردن، بە درێژایی شەویش بە ڕووناکی ئاگر. لە بیابان تاشەبەردی شەقکرد و ئاوی پێدان، ئەوەندە زۆر وەک لە دەریاوە بێت. جۆگەی لەناو تاشەبەرد هەڵقوڵاند، وەک ڕووبار ئاوی بەردایەوە. بەڵام بەردەوام بوون لە گوناهکردن لە دژی، لە یاخیبوون لە دژی خودای هەرەبەرز لە بیابان. لە دڵی خۆیاندا خودایان تاقی کردەوە بە داواکردنی ئەو خواردنەی دڵیان پێوەی بوو. لە دژی خودا دوان و گوتیان: «ئایا خودا دەتوانێت لە چۆڵەوانی مێزێک بڕازێنێتەوە؟ ڕاستە، لە تاشەبەردەکەی دا و ئاوی لێ هێنا، جۆگەکان ئاویان لێ ڕژا! بەڵام ئایا دەتوانێت نانیش بدات و گۆشت بۆ گەلەکەی دابین بکات؟» کە یەزدان ئەمەی بیست زۆر تووڕە بوو، ئاگری داگیرسا لە دژی یاقوب، هەروەها تووڕەیی هەستا لە ئیسرائیل، چونکە بڕوایان بە خودا نەهێنا و پشتیان بە ڕزگاریی ئەو نەبەست. جا فەرمانی دا بە هەورەکان لە بەرزایی، دەرگای ئاسمانی کردەوە، مەنی بەسەریاندا باراند بۆ خواردن و دانەوێڵەی ئاسمانی پێدان. مرۆڤ نانی فریشتەکانیان خوارد، ئازووقەی بۆ ناردن هەتا تێربوون. لە ئاسمانەوە بای ڕۆژهەڵاتی هەڵکرد، بە هێزیشی بای باشووری بەرەو پێش برد. وەک خۆڵ گۆشتی بەسەریاندا باراند، وەک لمی دەریاکان پەلەوەری باڵدار. باراندییە ناو ئۆردوگاکەیان، لە دەوروبەری چادرەکانیان. خواردیان و زۆر تێر بوون، ئەوەی دڵیان پێوەی بوو بۆی هێنان. بەڵام بەر لەوەی ئەوەی حەزیان لێی بوو بەجێی بهێڵن، هێشتا خواردنەکەیان لەناو دەم بوو، تووڕەیی خودا لێیان هەستا، هەرە بەهێزەکانی کوشتن و باشترین گەنجەکانی ئیسرائیلی خست.
زەبوورەکان 78 بخوێنەوە
گوێگرتن لە زەبوورەکان 78
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: زەبوورەکان 1:78-31
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان