لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:69-18

زەبوورەکان 1:69-18 KSS

ئەی خودایە، ڕزگارم بکە، چونکە ئاو هەتا لووتم هاتووە. لە زەلکاوێکی قووڵ نوقوم دەبم، جێی پێی تێدا نییە. چوومەتە ناو قووڵایی ئاو، لافاو ڕایماڵیوم. ماندوو بووم لە هاوارکردن، گەرووم ژان دەکات، چاوەکانم کز بوون هێندە چاوەڕوانی خودام بکەن. ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە لە مووی سەرم زۆرترن، زیاد بوون ئەوانەی دەیانەوێت تێکم بشکێنن، ئەوانەی بە ناڕەوا لە دژی منن. ئەوەی نەمدزیوە ئێستا دەبێت بیدەمەوە. ئەی خودایە، تۆ دەبەنگی من دەزانیت، تاوانەکانم لە تۆ شاراوە نین. ئەی یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، با ئەوانەی هیوایان بە تۆیە، بەهۆی منەوە ڕیسوا نەبن. ئەی خودای ئیسرائیل، با ئەوانەی ڕوو لە تۆ دەکەن، بەهۆی منەوە شەرمەزار نەبن. لە پێناوی تۆ بەرگەی ڕیسواییم گرت، شەرمەزاری ڕووی داگرتم. لەلای براکانم بووم بە بیانی، لەلای کوڕانی دایکم بووم بە بێگانە. دڵگەرمی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت، جنێوی ئەوانەی جنێوت پێدەدەن کەوتە سەر من. کاتێک گریام و بە ڕۆژووگرتن گیانم نزم کردەوە، بوو بە سووکایەتی بۆم. جلوبەرگی گوشم پۆشی، بووم بە پەند لەلایان، بووم بە جێی سەرنجی ئەوانەی لەبەر دەروازە دادەنیشن، مەستەکانیش دەربارەی من گۆرانی گاڵتەئامێز هەڵدەبەستن. ئەی یەزدان، من نوێژم بۆ تۆیە، لە کاتی ڕەزامەندیت، ئەی خودایە، بە گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت، بە ڕزگارییە دڵسۆزانەکەت وەڵامم بدەرەوە. دەربازم بکە لە زەلکاو، با نوقوم نەبم، لە دوژمنەکانم و لە قووڵایی ئاو دەرباز دەبم. با لافاو ڕام نەماڵێت، قووڵایی ئاو هەڵمنەلووشێت، زەوی قووتم نەدات. ئەی یەزدان، بەدەنگمەوە وەرە، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە، بەگوێرەی زۆری بەزەییەکەت ئاوڕم لێ بدەوە، ڕووت لە خزمەتکاری خۆت مەپۆشە، چونکە لە تەنگانەدام، زوو وەڵامم بدەوە. لێم نزیک بەرەوە و گیانم دەرباز بکە، لەبەر دوژمنانم بمکڕەوە.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان