لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:68-18

زەبوورەکان 1:68-18 KSS

با خودا هەستێت، با دوژمنانی پەرشوبڵاو ببنەوە! با ناحەزانی لە ڕووی هەڵبێن! وەک بەباکردنی دووکەڵ بەبایان بکەیت، وەک توانەوەی مۆم لەبەردەم ئاگر، با بەدکارانیش لەبەردەم خودا لەناوبچن. بەڵام با ڕاستودروستان لەبەردەم خودا شاد و دڵخۆش بن، لە خۆشییان شاگەشکە بن. گۆرانی بۆ خودا بڵێن، مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن، ئەوەی سواری گالیسکەیە بەسەر هەورەکان بەرزی بکەنەوە، ناوی یەزدانە، لەبەردەمی دڵشاد بن. باوکی هەتیوان و پارێزەری بێوەژنان، خودایە لە چادری پەرستنی پیرۆزی خۆی. خودا ماڵ بۆ لانەوازان دابین دەکات، بەندکراوەکان ئازاد دەکات، بەڵام یاخییەکان لە خاکێکی سووتاو نیشتەجێ دەبن. ئەی خودایە، کاتێک تۆ پێشڕەویی گەلەکەتت کرد، کاتێک بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتیت، زەوی لەرزی و ئاسمان دڵۆپەی کرد لەبەردەم خودا، خودای سینا، لەبەردەم خودا، خودای ئیسرائیل. ئەی خودایە، بارانێکی چاکت باراند، میراتەکەت ماندوو بوو، تۆ بەهێزت کرد. کۆمەڵەکەت تێیدا نیشتەجێ دەبن، خودایە، بە چاکەی خۆت، بۆ هەژارانت دابین کرد. پەروەردگار فەرمانی دا و کۆمەڵی ژنانی مزگێنیدەر زۆرن: «پاشایان و لەشکرەکانیان بە خێرایی هەڵدێن! ژنەکان کە لە ماڵ ماونەتەوە تاڵان دابەش دەکەن، تەنانەت ئەوانەشی کە لەناو تەویلەشن، باڵی کۆترە لە زیو هەڵکێشراوەکەم و پەڕەمووچەی زێڕی بێگەردیان بەردەکەوێ.» کە خودای هەرە بەتوانا پاشاکانی پەرتەوازە کرد، وەک بارینی بەفر بوو لەسەر کێوی چەلمۆن. چیای باشان چیای خودایە، چیای باشان چیای فرە لووتکەیە. ئەی چیا فرە لووتکەکان، بۆچی چاو دەبڕنە ئەو چیایە کە خودا ئارەزووی دەکات تێیدا نیشتەجێ بێت، بەڵێ، ئەوەی یەزدان هەتاهەتایە تێیدا نیشتەجێیە؟ گالیسکەکانی خودا هەزاران هەزارانە، پەروەردگار لە سیناوە هاتە پیرۆزگا. ئەی یەزدان، کاتێک بەرزبوویتەوە بۆ بەرزایی، دیلێکی زۆرت لەگەڵ خۆت برد، دیاریت لە خەڵک وەرگرت، تەنانەت لە یاخییەکانیش، ئەی خودایە، بۆ ئەوەی تۆ لەوێ نیشتەجێ بیت.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان